دیمەنی وێستگەی کارەبای گەرمیان- وێنە: لە پەیجی بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان وەرگیراوە
زەوی بۆ تەرخان کراوە و چاوەڕێی وەبەرهێنەرن
گەرمیان ئامادەکاری بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا دەکات بە وزەی خۆر
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای گەرمیان، پارچە زەویەکیان دیاریکردووە بۆ ئەوەی وەبەرھێن بێت وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دابنێت.
ئەو زەویەی دیاریکراوە رووبەرەکەی 300 دۆنمە، دەکەوێتە سنوری ناحیەی سەرقەڵا سەر بە قەزای کفری لە ئیدارەی گەرمیان.
ئالان ئەرکان، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای گەرمیان بە 964ـی وت، چەند ساڵێک پێش ئێستا وەبەرھێنێک ھاتە لامان بۆئەوەی زەویەکی بۆ دابینکەین بۆ دانانی وێستگەیەکی بەرھەمھێنانی کارەبا بە وزەی خۆر”.
“زەویەکە ئامادەیە و کۆمپانیاکە دەنگی نەماوە، ھەر کۆمپانیایەکی دیکە بێتە پێشەوە بیەوێت بە وزەی خۆر کارەبا بەرھەم بھێنێت ئێمە بەپێی رێکارەکان زەویەکەی پێدەدەین”،ئالان ئەرکان وای وت.
ئاماژەی بەەشکرد،”دەبێت بڕی 25 مێگاوات کارەبا بەرھەم بھێنێت ئەو وێستگەیە، دواتر حکومەت لێی دەکڕێتەوە و دەخرێتە سەر تۆڕی نیشتیمانی و تایبەت نابێت بە گەرمیان”.
ئیستا بڕی 115 مێگاوات کارەبا دەدرێت بە گەرمیان، رۆژانە نزیکەی 15 بۆ 16 کاتژمێر کارەبا دەدرێت بە ھاوڵاتیان، ئەمەش بەپێی خواستی ھاوڵاتیان دەگوڕێت لە داھاتوو.
پێداچوونەوە: توانا نەقی