گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
چارەنوسسازە و چاوەڕێی ئەنجام دەکرێت
گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچێت
964+
شۆڕش قادری
ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانیان و رێککەوتنی نوێ لە مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچێت.
هەرچەندە بڕیاربوو ئەم دانیشتنە هەفتەی رابردوو ئەنجام بدرێت بەڵام بە هۆکاری تەکنیکی دانیشتنەکە دواکەوت، تا ئێستا هەردوو شاندی دانوستانکاری واشنتن و تاران سێ جار بە نێوەندگیری عومان کۆبوونەتەوە، دوو جار لە مەسقەت و جارێکیش لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.
پێش ئەم دانیشتنە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری تاران سەردانی سعودیە و قەتەری کردووە و لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی ئەو دوو وڵاتە کۆبووەتەوە.
هەرچەندە پێشتر بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران باسیان لە بەرەوپێشچوونی دانوستانەکان کردووە، بەڵام چەند رۆژێکە هەڵوێستی کاربەدەستانی واشنتن توندتر بووە و داوای راگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن، ئەم داواکارییەش بەردەوام لەلایەن ئێرانییەکانەوە رەتکراوەیە، بۆیە دەوترێت دانیشتنی ئەمڕۆ چارەنوسسازە و دەبێت ئەنجامێکی هەبێت.