وتەی بەرپرسانی ژینگەی سۆرانی پشتڕاست کردەوە
ورچێک هاوشێوەی ورچە کوژراوەکەی باڵەکایەتی لە ورمێ بینرا
964+
شۆڕش قادری
ورچێک هاوشێوەی ورچە کوژراوەکەی باڵەکایەتی لە کوێستانەکانی ورمێ بینرا، ئەوەش وتەی بەرپرسانی ژینگەی سۆران پشتڕاست دەکاتەوە کە رایانگەیاندبوو، ژینگەی ئەو جۆرە ورچە، زنجیرە چیاکانی زاگرۆسە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر ڤیدیۆی ورچێکی قاوەیی بڵاوکردووتەوە و رایگەیاندووە، لە بەرزاییەکانی گوندی ئەنەبی لە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ ئەو جۆرە ورچە لەلایەن ژمارەیەک شاخەوان و خەڵکی گوندەکەوە بینراوە.
ژینگه‌ى سۆران ره‌چه‌ڵه‌كى ورچه كوژراوه‌كه‌ى باڵەکایەتی ئاشكرا ده‌كات
پێشتر فه‌رمانگه‌ی ژینگه‌ی ئیداره‌ی سۆران ره‌چه‌ڵه‌ك و شوێنى ئەو جۆرە ورچەی ئاشکرا کردبوو کە ورچی قاوەییه و زیاتر لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس ده‌ژیت، ناوی عه‌ره‌بی (الدب البنی) و ئینگلیزیه‌كه‌ی (Brown Bear) و ناوی زانستیشی (Ursus arclos)ـه.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، ئه‌و ورچه لە رێزبەندی ئه‌و ئاژەڵانەیه کە مه‌ترسی لەناوچوونیان له‌سه‌ره و لەلایەن رێكکه‌وتننامه‌ی سایتس CITESـەوه به پێی رێنمایی ژماره 1ـی ساڵی 2023 رێنمایی تایبه‌ت به رێكخستنی راوكردن، سزای بكۆژه‌كان و سه‌رپێچیكه‌رانی ژینگه‌یی دیاری كراوه، بۆیه گرنگە پارێزگاری له‌و سه‌روه‌ته نیشتمانییە بكرێت.
رێککەوتننامەی CITES رێککەوتنێکی نێودەوڵەتییە لە نێوان حکومەتەکاندا و ساڵی 1963 بۆ یەکەمجار لەلایەن ئەندامانی یەکێتی جیهانیی پاراستنی سروشت (IUCN) پەسەند کراوە، ئامانجی سەرەکیشی، پاراستنی ئاژەڵ و رووەکەکانە و دڵنیابوونە لەوەی کە بازرگانی نێودەوڵەتی بە نمونەی ئاژەڵ و رووەکی کێوی، مەترسی لەسەر مانەوەی جۆرەکانیان دروست نەکات
رۆژى 6.5.2025 لە گوندی زەنگەڵین كه ده‌كه‌وێته نێوان بنارى قه‌ندیل و سنووری دۆڵی باڵه‌یان له ناحیه‌ی قه‌سرێ له قه‌زای چۆمان، ورچێک به کوژراوى دۆزرایه‌وه، ئەو گوندەش هاوسنوورە لە گەڵ پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان.
له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردووش‌دا، ئەوە سێیەمین حاڵه‌تى كوشتنى ورچه له سنوورى باڵه‌كایه‌تى و بنارى قه‌ندیل، كه یه‌كه‌میان له‌رۆژى 15.10.2023 له‌سه‌ر رێگاى گوندى قڕناقاو ورچێك به مردوویی دۆزرایه‌وه كه ئه‌وكات سه‌رۆكى شاره‌وانى وتی ژه‌هرخوارد كراوه، دووه‌میشیان له 13.8.2024 لە کوێستانەکانی پرژێ ورچێکی قاوەیی بە کوژراوی دۆزرایەوە و ئاسه‌وارى گولـله به‌جه‌سته‌یه‌وه دیاربوو.