لە شیلادزێ
ژنێک بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەست دا
964+
ژووری هەواڵ
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون کە ژنێکی خەڵکی شیلادزێیە بە تای خوێنبەربوون گیانی لەدەستدا و تەندروستیی دهۆکیش دەڵێت، درەنگ هاتووە بۆ چارەسەر.
ئەمڕۆ شەممە 10.5.2025، د. ئەفراسیاب موسا، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک بە 964ـی راگەیاند، رۆژی پێنجشەممە 8.5.2025 ژنێکی تەمەن 45 ساڵ کە تووشبووی تای خوێنبەربوون بووە براوەتە نەخۆشخانەی ئازادی و دوای دوو رۆژ مانەوە، بەیانی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە.
ئەو ژنە لە زووەوە تووشی نەخۆشیەکە بووە و کاتێک چووەتە نەخۆشخانە درەنگ بووە و کار لە کار ترازاوە بۆیە نەتوانراوە هیچی بۆ بکرێت.
قوربانییەکە لە ماڵەوە مەڕ و ماڵاتیان هەبووە و بەوهۆیەوە تووشی نەخۆشییەکە بووە، بەڕێوەبەری تەندروستیی دهۆک وای وت.
تووشبوویەکی دیکەی تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە کە خەڵکی شاری کۆیەیە.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بەو تووشبووەکەی دهۆکەوە ئەمساڵ 55 تووشبووی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار کراون کە نۆیان مردوون، “زۆرترین مردن لە کەرکوک تۆمار کراوە.”