هێشتا شەش مانگ ماوە

هەولێر لە ئێستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەكات

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

لەگەڵ ئەوەی هێشتا شەش مانگ زیاتر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ماوە، بەڵام لە پارێزگای هەولێر ئامادەكارییەكان دەستیپێكرد.

راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 7.5.2025 بڵاویكردەوە، بە سەرپەرشتى پارێزگاری هەولێر، کۆبوونەوەى لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردن ئەنجامدرا، كە بەرپرسی نووسینگەی هەولێری كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانیش بەشداریی كردووە.

“لە پێناو داڕشتنى پلان و ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنێکی ئارام بۆ پەرلەمانى عێراق و زەمینەخۆشکردن و فەرهەمکردنى ئازادی دەنگدەران لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، کۆبوونەوەی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنى پارێزگا بەڕێوەچوو، دواى گفتوگۆکردن سەبارەت بە دابینکردنى پێداویستییەکان و ئامادەکارییەکان لە بنکەکانى دەنگدانى تایبەت و بنکەکانى گشتیى دەنگدان لە رۆژانى بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە، کە بڕیارە لە 11/11ـى ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، کۆبوونەوە ئەرک و کارەکانى هێزەکانی ناوخۆ و بەرگری شارستانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکانى دیکەی دیاریکرد و ڕێکار و ڕێوشوێنی پێویستى بۆ جێبەجێکردنى بڕیارە و ڕاسپاردەکان داڕشت”، لە راگەیانداوەكەدا هاتووە.

ئاماژە بەوەش كراوە، پارێزگارى هەولێر، جگە لە دووپاتکردنەوە لە ئامادەباشیی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەختی لەوەکردەوە، کە دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بەشێوەیەکى ئارام و لە کەشوهەوایەکی سەقامگیر و زۆر سەرکەتووانە بەڕێوەبچێت. بۆ ئەومەبەستەش ئامادەیی هەموو پاڵپشتی و هاریکارییەکى پارێزگاى هەولێری بۆ نووسینگەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە هەولێر نیشاندا.

بڕیارە لە 11.11.2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بێتە ئەنجامدان.

هەولێر لە ئێستاوە خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئامادە دەكات