راژەی مامۆستایانی بەشی کوردیی کەرکوک نەگوازراوەتەوە سەر بەغدا

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ماوەی زیاتر لە مانگێکە بڕیاری گواستنەوەی راژەی مامۆستایان لە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆسەر بەغدا دەرچووە، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە.

تۆڕی 964 زانیویەتی، وەزارەتەکانی پەروەردەی عێراق و هەرێم لە ئاستی باڵادا کۆبوونەتەوە و چەند لیژنەیەکی پەیوەندیدار دروستکراون و ئاماری ژمارەی مامۆستایان و فەرمانبەرانیان وەرگرتووە.

لیژنەکان ناوی 17 هەزار مامۆستا و فەرمانبەری بەشی کوردییان لە موسڵ، خانەقین، کەرکوک و دووزخورماتوو تۆمارکردووە، کە ئەوە دەیانگرێتەوە راژە، موچە و نەسرییەی مانگانەیان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق.

مانگی رابردوو وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رایگەیاند، تەنیا لە کەرکوک هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەر لە بڕیارەکە سوودمەند دەبن .

تەنیا بۆ موچەی مانگانە، بەشی کوردی کەرکوک بڕی شەش ملیار و 500 هەزار دیناری پێویستە، كە ساڵانە دەكاتە 78 ملیار دینار و بۆ نەسرییەش مانگانە پێنج ملیۆن دیناریان پێویستە.