یەكەم تەلەفزیۆن بووە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
964 دوای نزیكەی 70 ساڵ چیرۆكی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی عێراقتان بۆ دەگێڕێتەوە
964+
محەمەد فاتیح
تەلەفزیۆنى عیراق وەک یەکەم تەلەفزیۆن لەسەر ئاستى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست پیش نزیکەى 70 ساڵ لەمەوبەر، بە رەش و سپى لە بەغدا دەستى بە پەخشکرد و تائێستاش بەردەوامە، تەلەفزیۆنەکە بەشێکە لە یادەوەرى خەڵکى عێراق و هەرێمى کوردستان.
پێش نزیكەی حەفتا ساڵ لەمەوبەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و عێراق و تەنانەت ناوچەكەش چاویان بە تەلەفزیۆن ئاشنا نەبوو بوو، كاتێك لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ لە 2.5.1956 تەلەفزیۆنی عێراق پەخشی خۆی دەستپێكرد.
پەخشی لە سەرەتادا تەنیا بۆ بەغدا بوو، بەڵام لە کۆتایی شەستەکاندا بەسرە و موسڵ و کەرکوکیشی گرتەوە، یەکەم بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنی عێراق عەدنان ئەحمەد ڕەسیم ئەلنەعیمی بوو، کە بڕوانامەی دبلۆمی بینراو و بیستراو و ماستەری لە پەروەردەی هونەری لە زانکۆی ئیندیانا لە ئەمریکا بەدەستهێنابوو، سەبیحە مودەريسیش یەكەم بێژەری ئەم شاشە بچووكە بوو.
چیرۆكی دامەزراندنی تەلەفزیۆنی عێراق
لە کۆتاییەکانی سەردەمی پاشایەتی عێراقدا، بە دیاری كراوی لە ساڵی ١٩٥٦ کۆمپانیای بەریتانی “بای” بەشداری پێشانگای بازرگانی بەریتانیای کرد کە بەغدا میوانداری دەکرد، لە نێو پێشانگە بەریتانیەكە سیستەمێکی پەخشی تەلەفزیۆنی ڕەش و سپی هەبوو لەگەڵ ستۆدیۆیەکی ئامادەکراو، ئەمەش كاتێك پێشانگاکەى کردەوە سەرنجی شا فەیسەڵی دووەمی راکێشا و فەرمانی كرد بیكڕن و بیخەنە شوێنی بارەگای رادیۆكە لە بنكله، پاشان ئەم شوێنە بوو بە بارەگای تەلەفزیۆنی بەغدا كە دێرینترین وێستگەی تەلەفزیۆنە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
حکومەتی عێراق بەهۆی ئاستەنگی دارایی و تەکنیکییەوە نەیتوانیوە وێستگەکە بكڕێت كە بڕەكەی 65 هەزار دینار بووە و بە نزیکەیی یەکسان بووه بە بودجەی رادیۆی عێراق بۆ ماوەی ساڵێکی تەواو، بەڵام لە کۆتاییدا کۆمپانیا بەریتانیەكە بڕیاریدا ئەو تەلەفزیۆنە وەک دیاری پێشکەش بە حکومەتی عێراق بکات.
وێستگەکە لە سێ کامێرا و کامێرای سینەمایی قەبارە 16 ملم پێکهاتبوو، لە شوێنی رادیۆکە دانرا و توانیان بە مەودای 30 کیلۆمەتر لە بەغداوە پەخش بكەن و بەشێک لە تەلەفزیۆنەکان بەسەر هەندێک لە ناوچە و دوکانەکانی بەغدا دابەشکران، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن سەیری بەرنامەکان بکەن و زانیاری لەسەر ئەم “ئامێرە سەرسوڕهێنەرە” بزانن.
تەلەفزیۆن خەڵکی سەرسام دەکرد و سەرنجی ڕاکێشا و شێوازی ژیانی گۆڕی، خێزانەکانی کۆکردەوە و هەڵوێستەكانی یەكخست.
هەرچەندە لە ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا گەیشتە عێراق، بەڵام بڵاوبوونەوەی بەربڵاوی لە سەرتاسەری وڵاتدا لە کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە دەستی پێکرد.
ئەم ئامێرە کە بۆ کۆمەڵگای عێراقی نوێ بوو، لەو کاتەدا رووبەڕووی ڕەتکردنەوەی کۆمەڵایەتی و شەرعی بووەوە، بەڵام کۆمەڵگاکانی گۆڕی و کولتوورەکانی دەوڵەمەند کرد، ئەستێرەی دروست کرد و بوو بە ئامڕازێك بۆ شۆڕش و کودەتا سەربازیەكان.
سەرەتا لەناو سندوقێکی دار بوو کە زۆر لە سندوقی شانۆی بوکەڵە دەچوو، هەندێک کەس بە دزییەوە دەچوونە پشت ئامێرەکەوە بۆ ئەوەی هەوڵی بینینی ئەکتەرەکانی ناوەوەى بدەن، ژنانیش ئەگەر بێژەرەکە دەربكەوتایە،شەرم دایدەگرتن و ئابایان لەبەر دەکرد.
تەلەفزیۆنی عێراقی بە تێپەڕبوونی کات پەرەی سەندووە، بە چەند قۆناغێکدا تێپەڕیوە، لە رەش و سپییەوە گواسترایەوە بۆ رەنگا ورەنگ، لە سایەی تەکنەلۆژیای مۆدێرن و پڕۆژەی هونەری و کەڵەکەبوونی ئەزموون لە ئێستادا به باشترین شێوە پێشکەش دەكرێت.
تەلەفزیۆنی عێراقی بە درێژایی مێژوویی دوور و درێژی خۆی چەندین بەرنامەی بەخۆوە بینیوە کە تا ئێستاش لە یادەوەری عێراقییەکان ماوەتەوە لە گرنگترینیان عەدەسەت ئەلفەن كە راگەیاندنكاری بەناوبانگی كورد خاتوو خەیریە حەبیب پێشكەشی دەكرد و تاكو ئێستاش لە ژیاندا ماوە و لەشاری سلێمانی لە هەرێمی كوردستان نیشتەجێیە.