پارێزگار بەڵێنێكی دا

ئاگرەكەی موسڵ حەوت بارهەڵگری سووتاند

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرێك لە گەراجێكی شاری موسڵ كەوتەوە و حەوت بارهەڵگری سووتەمەنی بوونە خەڵوز، ئاگرەكە بەهۆی رووداوێكی تیژڕۆیی روویدا، بۆیە پارێزگاری شارەكە تووڕە بووە و بەڵێنی داوە كامێرای تۆماركردنی تیژڕۆیی لە شارەكە دابنێت.

ئاگرەكە لە گەراجەكە تایبەت بوو بە بارهەڵگرەكانی سووتەمەنی  لە لای چەپی موسڵ لە ناوچەی پیشەسازی.

بە پێی قسەی شایەتحاڵەكان بۆ پەیامنێری 964 لە موسڵ، بارهەڵگرێك بە خێرایی لێیخوڕیوە و خۆی بە بارهەڵگرەكانی ناو گەراجەكە كێشاوە، بەمەش ئاگرەكە كەوتووەتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەكانی 964 زیانی گیانی لە رووداوەكە نەبوو، بەڵام حەوت بارهەڵگر بە تەواوی سووتان و بوونە خەڵوز.

ئاگرەكە هەروەها بووە هۆی پچڕانی هێڵی كارەبای نیشتمانی و دروستبوونی قەرەباڵغییەكی زۆر و وەستانی هاتوچۆ لە ناوچەكە.

دوای هەوڵێكی زۆر بەرگریی شارستانی و فەرمانگەی دیكەی وەك شارەوانی ئاگرەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.

پارێزگاری موسڵ و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانی، هەر شەوی رابردوو گەیشتە شوێنی ئاگرەكە و پارێزگار، كە زانیویەتی رووداوەكە بەهۆی خێرایی لێخوڕینەوە بووە، بەڵێنیداوە ئیتر كامێرای چاودێری و تۆماركردنی تیژڕۆیی لە شارەكە دابنێت و سنوورێك بۆ ئەو خێرایی لێخوڕینە دابنێت.

ئاگرێكی گەورە لە موسڵ كەوتووەتەوە

ئاگرێكی گەورە لە موسڵ كەوتووەتەوە