مادە خۆراکییەکان لای بریکارێکی دابەشکردنی بەشە خۆراک - وێنە: 964
964 هۆكاری كەموكوڕییەكانی بەشەخۆراک ئاشكرا دەكات
964+
محەمەد فاتیح
دوای دابەشكردنی تەنیا دوو بەشەخۆراک لە ماوەی ئەمساڵدا، كە هەندێك لە خۆراكەكانیشی لەگەڵدا نییە، وەك زەیت و برنج، 964 بە دواداچونێكی تایبەتی كرد بۆ كەمتەرخەمی لە دابەشكردنی بەشەخۆراک بەسەر هاونیشتیمانیانى هەرێمی كوردستاندا و هۆكارەكانی ئاشكرا دەكات.
لە بەدواداچونەكەماندا، چەندین بریكاری بەشەخۆراک بۆیان دووپاتكردینەوە، كە هەموو ساڵێك كەمتەرخەمی دەكرێت لە دابەشكردنی بەشەخۆراک و لە كاتی خۆیدا دابەش ناكرێت و بە نوقسانی دەگاتە دەستیان.
هاوكات نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان بۆ 964ـی ئاشكرا كرد، تا ئێستا لە هەموو عێراقدا بۆ ئەمساڵ تەنیا دوو بەشەخۆراک دابەشكراوە و هەندێک برنج و زەیتیش نەگەیشتووە.
وتیشی، ئەمە پەیوەندی بە نەبوونی ئەو دوو مادە خۆراكییەوە هەیە لە كۆگاكانی حكومەتی عێراق، هەروەها ئەو كارگەیەی زەیت دابەش دەكات لە بەغدا شكابوو، تازە چاككراوەتەوە و خەریكە دەست بە دابەشكردنی ئەو بەشەخۆراكانەی بەدەستمان نەگەیشتووە دەكەن.
ئەو دەڵێت، مادە خۆراكییەكان هەر هەمووی لەبەغداوە دەهێنرێن بۆ كۆگاكانی هەرێمی كوردستان، “ئێمە تەنیا لێرە سەرپەرشتی دابەشكردنەكانی دەكەین و وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ماوەی ساڵێكدا تەنیا 10 مانگ بەشەخۆراک دابەش دەكات، هەندێك جار مانگێک دابەشی دەكەن و مانگێک دابەشی ناكەن، یان 40 رۆژ جارێك دابەشی دەكەن”.
” ئەمە بۆ ئەوەیە لە ساڵێكدا تەنیا 10 مانگ بەشەخۆراک دابەش بكەن، چونكە ئەوەندە بودجەیان بۆ تەرخانكراوە، لەبەر ئەو هۆكارەش هیچ ساڵێك 12 بەشەكە دابەش ناكەن، یان 9 بەش یان 10 بەش دابەش دەكەن”، نەوزاد شێخ كامیل وای وت.
سەبارەت بە ئارد، نەوزاد شێخ كامیل ئاماژەی بەوە كرد، لە هەولێر و دهۆک دەست بە دابەشكردنی چوارەم بەشە ئارد كراوە و لە سلێمانیش لە چەند رۆژی ئاییندە بەشی سێیەم تەواو دەبێت و بەشی چوارەم دەستپێدەكات.
هەروەها ئاشكرای كرد، گەنمیان وەرگرتووە و لە ئاشەكاندایە بۆ هاڕین و بەردەوامن و پڕۆسەی بەشەخۆراک و ئارد دواناكەوێت و لەگەڵ عێراقدا یەك پاكێجە، بۆیە هیچ كێشەیەكی رووبەڕوو نەبووەتەوە.
هەر سەبارەت بە كێشەی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان، 964 پەیوەندی بە نووسینگەی وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە كرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكەیان نەدایەوە.