زۆربەیان بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەتن

دانیشتووانی گەڕەكێكی سلێمانی بەدەست كەميی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن

964+

محەمەد فاتیح

کێشە و گرفتی کەمیی خزمەتگوزاری لە شوێنی نیشتەجێبوونی ئەوقاف لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی زیادی كردووە و بەشێک لە دانیشتووانی ئەو شوێنە نەخۆشی درێژخایانیان هەیە، داواش دەكەن ئاوڕیان لێبدرێتەوە.

سابیر عەبدوڵا كەریم بەرپرسی نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی كێشە و گرفتی دانیشتووانی ئەو گەڕەكەی بۆ 964 خستەڕوو و دەڵێت، بارودۆخیان زۆر خراپە و كاتێك سەردانیان دەكەیت دەگەڕێیتەوە بۆ ساڵانی حەفتاكان و پیسی و چڵكاو بەسەریەكەوە دێتەخوارەوە و باڵەخانەكەیان كۆن بووە و لە بارودۆخێكی زۆر ناخۆشدا دەژین.

“شوێنی نیشتەجێبوونەكە پیساییەكی زۆری لێ‌ كۆبووەتەوە و نەخۆشییان زۆرە و لە هەمان كاتدا مەسعەدیشیان نییە بۆ گواستنەوەی نەخۆشەكان کە زۆربەيان كەسانی بەتەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەتن،هەندێکیشیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە”، سابیر عەبدوڵا كەریم واى وت.

دووپاتیشیكردەوە، بارودۆخیان زۆر خراپە و چەندین یاداشت و نووسراویشیان بۆ لایەنی پەیوەندیدار كردووە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا كەس بە دەنگیانەوە نەچووە.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ- نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی بڵاویكردەوە، لە دوای پێشکەشکردنی یاداشتێک سەبارەت بە هەبوونی چەندین کێشە و گرفتی کەمیی خزمەتگوزاری، رۆژی 23.4.2025 تیمەكانیان سەردانێکی مەیدانیان بۆ شوێنى نیشتەجێبونی ئەوقاف لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی رێكخست و کێشە و گرفتەکانیان خۆی دەبینێتەوە لە خراپیی دۆخی ژیانیان و خراپی ئاستی خزمەتگوزارییەکان، جگە لەوەش چەندین کێشە و داواکاری دیكەیان هەبووە.