شاند بۆ مافەکان پێکدەهێنن

ئەنجامنامەی یەکڕیزی؛ بڕگە بنەڕەتی و بڕیارەکانی خۆی راگەیاند

964+

ئەحمەد مستەفا

لەگەڵ ئەوەی پێشنیاری لامەرکەزی فیدڕاڵی دەکات بۆ سیستمی حکوم لە سوریا، ئەنجامنامەی کۆنفرانسی “یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کوردیی لە رۆژئاوای کوردستان”، بڕیاریدا بە زووترین کات لیژنەیەكی هاوبەشی کورد دابمەزرێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەندییدارەکان دانووستان و دیالۆگ بکات.

ئەمڕۆ شەممە 26.4.2025، کۆنفرانسەکە لە رۆژئاوای کوردستان بە بەشداری مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە و هەردوو پارتی “پەیەدە و ئەنەكەسە” و نوێنەری هەریەكە لە مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و بەشداریكردنی 400 ئەندام لە قامیشلۆ ئەنجام درا.

ئەنجامنامەی كۆنفڕانسەكە باسی لەوەکردووە، پێویستە سیستەمی حكومڕانی لە سوریا لامەركەزی فیدڕاڵی بێت، دەشڵێت، بڕیاردرا شاندێكی هاوبه‌ش بۆ دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی نوێی دیمه‌شق پێك بهێنرێت.

لە ئەنجامنامەکەدا ئەم بڕگانە جەختی لەسەر کراوەتەوە؛

– داننان بە بوونی نەتەوەیی کورد لە سوریا.
– داننانی دەستووریی بە زمانی کوردی وەکو زمانێکی فەرمی.
– داننان بە مافی خوێندن بە کوردی.
– کردنەوەی کەناڵی تەلەفزیۆن و رادیۆ بە زمانی کوردی.
– ڕۆژی 21ـی ئازار و نەورۆز بکرێتە جەژنی فەرمی لە سوریا.
– ڕاگرتنی سیاسەتی بەعەرەبکردن و پشتێنی عەرەبی دژی کورد.
– گەڕاندنەوەی ناسنامەی سووری بۆ ئەو کوردانەی لە ناسنامە بێبەشکراون.

دەقی ئەنجامنامەکە بەم شێوەیەیە:

“کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان لە ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٥ لە شاری قامیشلۆ دوای دیالۆگی درێژخایەن و هەوڵدانی سوپاسداری هەڤاڵان و برایان، بە بەشداری پارتە کوردییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، تەڤگەرەکانی و ڕێکخراوەکانی ژنان و چالاکوانانی سەربەخۆی کۆمەڵگەی کوردی لە ناوچە جیاوازە کوردییەکان لە سووریا، بە ئامانجی پەسەندکردنی بۆچوونێکی یەکگرتوویی کوردی لەسەر دامەزراندنی سووریایەکی نوێ و بەشداریکردن لە داڕشتنی داهاتووی سووریا و چارەسەرکردنی کێشەی کورد، لەم قۆناغە گرنگەی مێژووی سووریا، دوای ڕووخانی ڕژێمی ستەمکار لە دیمەشق لە ٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، ئەم ڕژێمەی کە ئازادیی و کەرامەتی گەلی سووریای بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی، ئاینی و کۆمەڵایەتییەکانی پێشێل کرد و وڵاتی لە سەرتاسەری جوگرافیای سووریا وێران کرد، بە ملیۆنان کەسی لە گەلەکەی کوشت، ئاوارە و پەنابەر کرد، هەرچەندە گەلی سووریا بۆ ڕووخاندنی ئەو ڕژێمە و کۆتاییهێنان بە ستەمکارییەکانی و بەدەستهێنانی ئازادیی و کەرامەتی خۆی قوربانی گەورەی دا، گەلی کورد لە سووریاش لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژێمەدا قوربانی گەورە و بە هەزاران شەهیدی دا. گەلی کورد دەیان ساڵ تێکۆشا بۆ ئەوەی ستەمی نەتەوەیی لەسەر خۆی لابدات و مافە نەتەوەییەکانی بەدەست بهێنێت، هەمیشە تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی بە خەباتی نیشتیمانییەوە گرێ داوە بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتی فرەڕەنگ لە سووریا.

لەسەر بنەمای بەرپرسیارێتی مێژوویی و وەڵامدانەوە بۆ پێداویستییەکانی قۆناغی ئێستا، دامەزراندنی بۆچوونێکی سیاسی هاوبەشی کوردی کە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ و پڕۆژەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ کێشەی کورد لە سووریا وەک دەوڵەتێکی دیموکراتی و نا ناوەندی نیشان بدات.

بەشداربووان بۆچوونی هاوبەشی کورد کە بۆ کۆنفرانسەکە پێشکەش کرا، وەک بەڵگەنامەیەکی دامەزرێنەر کە ئیرادەیەکی بەکۆمەڵ دەردەخات و نزیکبوونەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ چارەسەرێکی دادپەروەرانە و بەرفراوان بۆ کێشەی کورد لە چوارچێوەی سووریایەکی یەکگرتوو، بە ناسنامەی فرە-ئیتنیکی، فرە-ئاینی و فرە-کەلتووری و فرە-نەتەوەیی کە دەستوورەکەی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد گەرەنتی دەکات، پابەندە بە پەیمان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی و مافەکانی ژنان دەپارێزێت و ڕێگە دەدات کە بە کاریگەری بەشداری هەموو دامەزراوە سیاسی، کۆمەڵایەتی و سەربازییەکان بن، پەسەند کرا.

بە پەسەندکردنی ئەم بۆچوونە هاوبەشەی کوردان، کۆنفرانس داوای پەسەندکردنی وەک بنەمایەک بۆ دیالۆگی نەتەوەیی دەکات، چی لە نێوان هێزە سیاسییەکانی کورد خۆیاندا بێت، چی لە نێوان ئەوان و بەڕێوەبەرایەتی نوێی شام و هەموو هێزە نەتەوەییەکانی دیکەی سووریادا بێت. ئەو بەشداری دامەزراندنی سووریایەکی نوێ دەبێت کە هەموو گەلی خۆی لە خۆ بگرێت، بەبێ ئەوەی یەکێک لە پێکهاتەکانی لابەرێت یان پشتگوێی بخات، دوور لە زیهنیتەتی یەک لایەنە لە بیرکردنەوە و پراکتیکدا، کە ڕوومەت و مافەکانیان بە دەستووری بەبێ هیچ جۆرە جیاوازییەک بپارێزێت، کە سووریا ڕێز لە پەیوەندییەکانی هەرێمی و نێودەوڵەتی بگرێت و فاکتەرێکی ئارامی و ئاسایش بێت لە ناوچەکەدا.

لە ئەنجامدا، کۆنفرانس بڕیاری دا کە لە زووترین کاتدا شاندێکی هاوبەشی کوردی دابمەزرێنێت بۆ ئەوەی لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی ئەم بۆچوونە بۆ ڕاستییەکی سیاسی کار بکات، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دانووستان و دیالۆگ بکات بۆ ئەوەی بگات بە ناوەڕۆکی ئەو بۆچوونە و مسۆگەری بکات.

کۆنفرانسی یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستی کوردیی لە ڕۆژئاوای کوردستان

قامیشلۆ-٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٥”