"رۆژئاواى کوردستان ئەزمونێکى سەرکەوتووە"
مەزڵوم عەبدى: یەکێتى کوردان یەکێتى سوریایە
964+
وریا فەتاح
مەزڵوم عەبدى، فەرماندەى گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات، لە دەستپێکى کۆنفرانسى یەکڕیى کوردان لە رۆژئاواى کوردستان، وتارێکى پێشکەشکرد و رایگەیاند: ئەو ئەو کۆنفرانسە بۆ پارچەپارچە بوون نییە وەک هەندێک باسى دەکەن، بەڵکو بۆ یەکێتى و پێکەوە بوونەوە، بۆ یەکێتى سوریایە.
جەختیش دەکاتەوە، یەکێتى کوردان یەکێتى سوریایە، هێزى کوردان هێزى سوریایە.
وەک باسى کرد، لە سوریا ژمارەیەکى زۆر نەتەوە پێکهاتە پێکەوە دەژین، بۆیە دەبێت دەستوورى نوێى سوریا لامەرکەزى بێت و هەموو پێکهاتەکان لە خۆى بگرێت و تەواوى پێکهاتەکان مافیان پارێزراو بێت لە سوریایەکى نوێى دیموکرات.
“لە رۆژئاواى کوردستان، 12 ساڵە پێکهاتەکان کورد و عەرەب و ئەرمەنى و پێکەوە دەژین و خوێنیان تێکەڵبووە و ئەزمونێکى سەرکەوتووە دروستبووە، بۆیە ئەو دەستکەوتانەى بەدیهاتوون دەبێت بپارێزرێن”، مەزڵوم عەبدى واى وت.
بەشیکى تر لە وتارى مەزڵوم عەبدى:
-ئەرکى سەرەکى ئێمە ئەوەیە ئەو دەستکەوتانە بپارێزین کە لە رۆژئاوا بەدەستمان هێناون.
-ئەو هەرێمە (رۆژئاواى کوردستان)،ماوەیەکى درێژە پەراوێزخراوە، ئەرکى ئێمەیە لە سوریاى نوێدا کاربکەین بۆ ئاوەدانکردنەوەى.
-سوریا لە مێژە کورد رەتدەکاتەوە و چەندین بڕیارى بەسەردا سەپێندوە و کورد لەدەرەوەى سیستمى سوریا بووە.
-لە ساڵانى رابردوو تێکۆشانى گەورەمان کردووە بۆ سوریاى نوێ کە مافى گەلى کورد مافە نەتەوەیى و سیاسى و کلتورییەکانى لە دەستوردا بچەسپێندرێت.
-کۆبوونەوەى ئەمڕۆ بۆ ئەوەیە وەک کورد بەرنامەیەک دابڕێژین و بەیەک رەنگەوە بڕیار بدەین و بەیەک شاندەوە بچینە شام بۆ وەرگرتنى مافەکانى کورد.
-لەوباوەڕەداین ئەو کۆنفرانسە دەبێتە سەرکەوتنى گەلى ئێمە.