شارەوانی جارێ یەکلای نەکردووەتەوە

شەقامەکانی بازاڕی کەلار بە کرێ دەدرێنەوە؟

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

شەقامەکانی ناو بازاڕ و نزیک بازاڕی قەزای کەلار، لە ساڵی 2021ەوە، بەشێوەی زیادکردنی ئاشکرا دراون بە کۆمپانیا، لە بەرامبەر راگرتنی ئۆتۆمبێلیش پارە لە شۆفێران وەردەگرێت، یەکێک لە کۆمپانیاکان لە کۆتایی ئەم مانگە ماوەکەی تەواو دەبێت و شارەوانی قەزاکەش دەڵێت، “خەریکی لێکۆڵینەوەین بۆ ئەوەی بزانین بەردەوامی بە پرۆژەکە بدەین یان کۆتایی پێبهێنین.

بۆ یەک کاتژمێر وەستاندنی ئۆتۆمبێل لە ناوبازاڕی کەلار 500 دینار وەردەگیرێت و زیاتر لە کاتژمێرێکیش 1000 دینار ، ئەمەش ناڕەزایی بەشێک لە ھاوڵاتییان و چالاکوانانی لێکەوتووەتەوە.

دلێر حوسێن، بەرپرسی بەشی پرۆژەکان لە شارەوانی کەلار بە 964ـى وت، “شەقامەکان کراون بە دوو زۆنەوە، زۆنی یەکەم گەڕەکی بنگرد و شەقامەکانی چواردەوری بازاڕ دەگرێتەوە، زۆنی دووەمیش شەقامەکانی ناو بازاڕی کەلار دەگرێتەوە، بە زیادکردنی ئاشکرا دراون بە کرێ”.

لە رۆژی 1.5.2025 ئەو کۆمپانیایەی زۆنی دووەمی بۆ دەرچووە، ماوەکەی تەواو دەبێت.

“بۆ رێکخستنەوەی ناو شار پێشنیارمان کردووە بۆ قایمقامیەت لێکۆڵینەوە لە پروژەکە بکرێتەوە، لایەنە باش و خراپەکانی لێکبدرێتەوە، دواتر کام لایەنی زیاتربوو ئەوە بڕیاری لێدەدەین، پرۆژەکە جارێکیتر بخرێتەوە موزایەدە یان کۆتایی بێت”، دلێر حوسێن وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ھەفتەی رابردوو کۆبوونەوەیان کردووە لەسەر ئەو بابەتە، بەڵام جارێ بڕیاری کۆتایی نەدراوە، ئەگەربڕیاردرا پرۆژەکە بەردەوام بێت، ئەوا پێش تەواوبوونی ماوەی کۆمپانیای پێشوو جارێکی دیکە دەخرێتەوە موزایدە.

وتیشی، “ئەگەری بەردەوامبوونی پرۆژەکە زیاترە، چونکە رێگە لە دروستبوونی قەرەباڵغی ناو بازاڕ دەگرێت و ئۆتۆمبێلەکان بەشێوازێکی رێک رادەگیرێن”.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کەلار دەستیپێکرد

قۆناغی دووەمی نۆژەنکردنەوەی بازاڕی کەلار دەستیپێکرد