لە زاخۆ
کرێکارێک لە کاتی کارکردن گیانی لەدەستدا
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
کاتژمێر 10:30 خولەکی پێش نیوەڕۆی ئەمرۆ پێنجشەممە 24.4.2025 کرێکارێکی بەرەگەز تورک کە تەمەنی 53 ساڵ بوو لە نهۆمی سێیەمی باڵەخانەیەکی نزیک کۆرنیشی زاخۆ کەوتەخوارەوە و گیانی لەدەستدا.
پیشەی کرێکارەکە ئاسنگەر بوو، لەسەر باڵەخانەکە خەریکی کارەکەی بووە و لەناکاو لەو بەرزاییەوە کەوتووە و هەر لەشوێنی رووداوەکە بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.
موقەدم ئەحمەد رەمەزان، وتەبێژی پۆلیسی زاخۆ بە ـی964 وت، بەپێ مادەی 411 پەراوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە بۆ ئەوەی بزانن کەرەستەی تەندروستی و خۆپارێزای لەکاتی کارکردندا بەکارهێناوە یاخود نا.
وتیشی، ئێستا تەرمی کرێکارەکە لە پزیشکی دادە و کەسوکاری کرێکارەکەش ئاگادارکراوەنەتەوە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی