ئومێد سەباح: بڕیارماندا درێژە بە کۆبوونەوەکانمان بدەین لەگەڵ بەغدا

+964
كوردستان ئەحمەد

سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، كۆبوونەوەیان لەگەڵ عێراق ئەرێنی بووە و بڕیاریانداوە بەردەوام بن.

ئێوارەی رۆژی شەممە، شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی به‌غدایان كرد، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراقدا لەسەر چەند پرسێك كۆبوونەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك نوسیویەتی، “كۆبوونەوەكەمان ئەرێنی بوو”.

ئەو بە دیاریکراوی نوسیویەتی “شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبووینەوە، لە کوبوونەوەکەدا، گفتوگۆمان دەربارەی ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز کرد و پێشنیارەکانی حکومەتی هەرێممان لەسەر ئەو پرۆژە یاسایە پێشکەشی وەزارەتی نەوتی عیراق کرد”.

بەگوێرەی قسەکانی ئومێد سەباح، لە کۆبوونەوەکەدا بریاردراوە درێژە بە کۆبوونەوەکان بدرێت تا دەگەن بە رێککەوتنێکی هاوبەش و رۆژی یەکشەممەی داهاتوو دیاریکراوە بۆ کۆبوونەوە.