وا بڕوا گوێز و سماقیان نابێ

جوتیارەکانی بەرگارەی ئەحتیاجی رێگەپێدانن و دۆخیش ناسەقامگیرە

964+

هیڤی دێوالی – دهۆک

جوتیاران و دانیشتووانی 27 گوندی دەڤەری بەرگارەی لە قەزای ئامێدی، ناتوانن سەردانی زەوییەکانی خۆیان بکەن، موختاری یەکێکی لەگوندەکان دەڵێ، بەهۆی ناسەقامگیری و شەڕی بەردەوام ئەمساڵ و تا ئێستا رێگەپێمان نەدراوە سەردانی زەوییەکانمان بکەینەوە.

دەڤەری بەرگارەی بەناوبانگە بەدارەکانی “گوێز، سماق، ترێ و قۆخ”، ساڵانە زیاتر لە 100 بۆ 150تۆن سماق و نزیکەی 100 تۆن ترێ لەو دەڤەرە بەرهەم دێت.

شیمال گیزی، یەکێکە لە موختارەکانی دەڤەری بەرگارەی لە گوندی گیزی بە964ـی وت،جچەندین ساڵە گوندەکانی دەڤەری بەرگارەی چوڵکراون بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و بۆردومانی بەردەوام، ساڵی رابردوو ئەم کاتانە لایەنی پەیوەندیدار رێگەپێدانی بۆ کردین، کە سەردانی زەوییەکانی خۆمان بکەین و پاکیکەینەوە بۆ کاتی بەرهەمەکانی سماق و ترێ. بەڵام ئەمساڵ چەندین جار داوامان کردووە و رێگەپێدانمان بۆ ناکرێ.

ئەو وتی، “داوا لەلایەنە پەیوەندیدار دەکەین بەزووترین کار رێگای گوندەکان بکەنەوە بۆ ئەوەی بتوانین سەردانی زەوییەکانمان بکەینەوە“، شیمال گیزی وای وت.

ئەحمەد بەرگارەی، هاوڵاتییەکی دەڤەری بەرگارەیە بە 964ـی وت، ساڵی رابردوو بەهۆی بۆردومانی زەویی ناوچەکەمان زیاتر لە 10ملیۆن دینار زەرەرمەند بووم، داوا لەلایەنی پەیوەندیدار دەکەین چارەسەرێکمان بۆ بدۆزێتەوە، چونکە بژێوی ژیانمان لەسەر کشتوکاڵ و بەرهەمی سماق، ترێ و گوێزە.

لە بارەی کێشەی ئەو جوتیارانە، سەرچاوەیەکی فەڕمی لە سنووری قەزای ئامێدی بە 964ـی وت، بە گشتی لە دەڤەری بەرگارەی لەم هەفتەیەدا بەچری لە گوندەکان و دەوروبەری بۆردومان کراون و زیانێکی زۆر بە گوند و زەوییەکان گەیشتووە، بەهۆی ناسەقامگیری ناوچەکە و شەڕی بەردەوام نێوان سوپای تورکیا و پەکەکە.

بە قسەی ئەو سەرچاوە فەڕمییە ئیدارییە بێت، ساڵی رابردوو 10 رۆژ رێگە بە گوندنشیان و جوتیاران دراوە سەردانی گوندەکەیان بکەن، بەڵام پلان هەیە ئەمساڵیش بکرێتەوە و بەدواداچوون بۆ بابەتی کردنەوەی رێگای گوندەکان بەردەوام دەبێت.

دەڤەری بەرگارەی دەکەوێتە سنووری قەزای ئامێدی و  لە 40 گوند پێک دێت، بەهۆی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرییەکان زیاتر لە 27 گوند چوڵکراون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

لە بەیانییەوە سوپای تورکیا بەشیک لە گوندەکانی سێ پارێز...

لە بەیانییەوە سوپای تورکیا بەشیک لە گوندەکانی سێ پارێزگای هەرێمی بۆردومان کردووە

هاوڵاتیانی دوو گوندی سنووری دهۆک قەرەبوو کرانەوە

هاوڵاتیانی دوو گوندی سنووری دهۆک قەرەبوو کرانەوە

هاتوچۆى دهۆک بۆ شۆفێران: سایدى دەستەچەپى رێگاکان بەکار...

هاتوچۆى دهۆک بۆ شۆفێران: سایدى دەستەچەپى رێگاکان بەکارمەهێنن