سەڵاوتیان بۆ پێغەمبەر ناردووە
لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب 15 کەس ناویان بۆ عومرە دەرچوو
964+
ژێوار خدر
لە پڕۆژەکەی مامۆستا عەلی تاهیر پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوت کە لە کاتی بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب رایگەیاندبوو، هەر کەس سەڵاوات بۆ پێغەمبەر بنێرێ، ناوی دەچێتە تیروپشکەوە و دەنێردرێن بۆ حەجی عومرە، 15 کەس ناویان دەرچوو.
ئەو مامۆستا ئاینییە پێشتر و لە مانگی رەمەزاندا عومرەی دەکرد بە دیاری و چاڵنجی ئەوەی راگەیاند کە هەرکەس سورەتی کەهف لەبەر بکات عومرەی بۆ دەکەن بەدیاری و لە کۆتاییشدا 251 کەس گەشتی عومەرەیان بۆ دەرچووە، بەڵام بەقسەی خۆی، هەندێک کەس گلەیی ئەوەیان کردووە کە ئەگەر کەسێک خوێنەواری نەبێ، چی بکات، بۆیە لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب پڕۆژەکەیان راگەیاندووە بەوەی کە هەر کەس تەنیا سەڵاواتێک بۆ پێغەمبەر بنێرێت، ناوی دەچێتە تیروپشکی چوون بە حەجی عومرە.
ئەمڕۆ شەممە 19.4.2025 لە کۆتا رۆژی 17ـیەمین پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب، مامۆستا عەلی تاهیر تیروپشکەکەی ئەنجامدا و دواتر بە 964ـی وت، زیاتر لە دوو هەزار کەس بەشداریان کردووە، 15 کەس ناویان بۆ گەشتی عومرە دەرچووە و سێ کەسیشیان وەک یەدەک داناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، تەنیا مەرجیان بۆ بەشداریکردن لەو پڕۆژەیەدا ئەوە بووە کە کەسەکە، تائێستا گەشتی عومرەی نەکردبێت.
مامۆستا عەلی تاهیر ئەو پڕۆژەیەی بە هاوکاری کەسانی خێرخواز ئەنجامداوە و دەشڵێت، لە داهاتوودا پڕۆژەی هاوشێوەیان دەبێت.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری