تەندروستیش گیانلەدەستدانی دوو کەسی بە تای خوێنبەربوون پشتڕاست کردەوە

ڤێتەرنەری کەرکوک لیژنەیەکی بۆ پشکنینی ئاژەڵداران پێکهێنا

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ڤێتەرنەری کەرکوک لیژنەیەکی بۆ پشکنینی ئاژەڵداران پێکهێنا و تەندروستیش گیانلەدەستدانی دوو کەسی بەهۆی تای خوێنبەربوون پشتڕاست کردەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا زیاد عارف نوێنەری ڤێتەرنەری کەرکوک رایگەیاند، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ پشکنینی ئاژەڵداران  و داوایشی لە هاوڵاتیان کرد، لەکاتی کڕینی گۆشتدا، بۆ ماوەی 48 کاتژمێر لە بەفرگەدا هەڵیبگرن و پاشان بەباشی بیکوڵێنن، هەروەها ژنانیش لەکاتی جنینی گۆشت، دەستکێش لەدەست بکەن.

هاوکات د. سەباح نامیق بەڕێوەبەری هۆبەی تەندروستی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 پشتڕاستیکردەوە، “ئەو کەسەی ئەمڕۆ گیانی لەدەستداوە بەهۆی بەرکەوتنی لەگەڵ تووشبوویەکی تای خوێنبەربوون بووە و لە ئێستاشدا دوو تووشبووی دیکە چارەسەر وەردەگرن”.

بەیانی ئەمڕۆ لە شاری کەرکوک دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا و دواتر سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئاشکرایکرد، ئەمساڵ 14 کەس لە سەرانسەری عێراق دووچاری تای خوێنبەربوون بوون و دووانیان گیانیان لەدەستداوە.

“دوو گیانلەدەستدان به تای خوێنبەربوون لە پارێزگای کەرکوک تۆمارکراون، یەکێکیان کارمەندی وەزارەتی تەندروستی بوو، كۆی گشتی تووشبوانیش تا ئێستا بەم جۆرەن، شەش کەس لە پارێزگای زیقار، چوار کەس لە کەرکوک و یەک تووشبوو لە هەریەک لە بەغدا و موسەننا و نەینەوا و بەسرە”، سەیف بەدر واى وت.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

14 حاڵەتی تووشبون بە تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار كرا...

14 حاڵەتی تووشبون بە تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمار كراون