عەبدولغەفار عەبدوڵا

“بەرهەمهێنانی دراما وەك شەربەتی مێوژ و لوقمەقازی رەمەزانی لێهاتووە”

964+

ژێوار خدر

پرۆدیوسەر و بەڕێوەبەری ناوەندی هونەریی زەنێ عەبدولغەفار عەبدوڵا دەڵێت، بەرهەمهێنانی دراما لە كوردستان وەك شەربەتی مێوژ و لوقمەقازی لێهاتووە و تەنیا لە مانگی رەمەزاندا بیریان دەكەوێتەوە.

عەبدولغەفار عەبدوڵا لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ 964 قسەی كرد و رایگەیاند، بەهیوای ئەوەن لە كوردستان دراما زیاتر بەرهەم بهێنرێت و لە هەموو كاتەكاندا هەبێت، چونكە هونەرمەند و ئەكتەر و دەرهێنەری باش هەن لە كوردستاندا.

وتیشی، هەموو كارێك بەردەوامی پێبدرێت پێشدەكەوێت، بە سستی و لاوازبوونی پێشناكەوێت.

عەبدولغەفار كە سەرپەرشتیی دەیان كاری دراما و دۆكیۆمێنتاری كردووە و نووسەری فیلمی سینەمایی پەیكەری دڵە، ئەوەشی بە 964 وت، “سستی لە بەرهەمهێنانی دراما و كاری هونەری، وەزارەتی رۆشنبیری و كەناڵە تەلەڤزیۆنییەكان لێی بەرپرسن، دەیان كەناڵی ئاسمانیمان هەیە و تەنیا دوو سێ كەناڵ خەریكی بەرهەمهێنانی درامان، بۆیە پێشناكەوێت”.

"هونەری کوردی خەریکە رەشەبا دەیبات"