بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت بوو

“سەردانی ئەمڕۆی شاندێکی سامانە سروشتییەکان بۆ بەغدا هەڵوەشایەوە”

964+

ژووری هەواڵ

بە وتەی وەزیری نەوتی عێراق، بڕیار بوو ئەمڕۆ شەممە شاندێکی وەزارەتى سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا بکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت، بەڵام سەردانەکە هەڵوەشاوەتەوە.

حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق رۆژی چوارشەممە لە دیداری سلێمانی رایگەیاند، “بەمەبەستی تەواوکردنی دانوستانەکان، رۆژی شەممە شاندى وەزارەتى سامانە سرووشتییەکان سەردانى بەغدا دەکات و دەرگاکان دانەخراون لە بەردەم دانوستاندن”.

تۆڕی 964 لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

پێشتر مایڵز کاگینز، وتەبێژی کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی هەرێمی کوردستان (ئەپیکۆر) بە 964ـی راگەیاند، دەیانەوێت رێککەوتنەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان گەرەنتی هەبێت و لە رێگەی گرێبەستەوە دڵنیایی بدرێت لە پێدانی حەقدەستی دەرهێنان و پاڵاوتن و هەناردەکردنی نەوت.

ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕیارێكی دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس راگیراوە.

"لەسەر هەناردەكردنەوەی نەوت رێكەوتن كراوە و كێشەی موچەش چارەسەر دەبێت"