لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بابل
شایی و هەڵپەڕکێی کوردی بووە مانشێتی میدیا عێراقی و عەرەبی و جیهانییەکان
964+
پەری ساڵح
شایی و لۆغانەکەی کوردان لەلایەن تیپی هونەری میللی سلێمانییەوە برایە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بابل و کچان و کوڕان نمایشێکیان کرد ئەوسەری دیارنەبوو.
ئەمساڵ فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بابل بە بەشداری زیاتر لە 30 وڵات لە کولتورە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، بەشی کەلەپور و تیپی هونەری میللیی سلێمانیش، ئەستێرەی گەشی فێستیڤاڵەکە بوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیریی و هونەریی سلێمانی دەڵێت، توانییان ئاستێکی بەرزی هونەری پێشکەش بکەن و کارە هونەرییەکانیان بووە مانشێتی میدیا عیراق و عەرەبی و جیهانییەکان.
دوانزەیەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بابل بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق محمد شیاع سودانی رێکخرابوو، پارێزگاری سلێمانیش د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پشتیوانی تیپی کەلەپور و هونەری میللی سلێمانی کرد و وتی، سەرکەوتووانە و دەرکەوتووانە توانیان ئاستێکی بەرز تۆمار بکەن و جێگای شانازین.
بەشی کەلەپوورو تیپی هونەری میللی سلێمانی، بە ئامادەبوونی جەماوەرێکی زۆر بە دوو تابلۆی قەشەنگ فێستیڤاڵەکەی رازاندەوە و بووە جێگەی رەزامەندی جەماوەر.