ئەی چاوەڕێی چین؟
کوشتارگەکەی ئامێدی بکرێتەوە سەربڕین لە شەقام و لاکۆڵان نامێنێ
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
نزیک بە دوو ساڵە تاقانە کوشتارگەکەی قەزای ئامێدی تەواو بووە و نەکراوەتەوە، بەڕێوەبەری ڤێرتێنەری قەزاکەش دەڵێت، لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ جێبەجێکردنی کۆتا پرۆسەکانی کوشتارگەکە، و هەوڵدەدەن پێش جەژنی قوربان بیکەنەوە.
لە قەزای ئامێدی هیچ کوشتارگەیەکی فەرمی بوونی نییە، گۆشت فرۆشان لە شوێنی خۆیان و هەندێکیان لەسەر شەقام، یان لە شوێنی حەوانەوەی مەڕ و بزن و مانگا سەریان دەبرن و لەدوکانەکەیان دەیفرۆشن.
هاوڵاتیانی سنوورەکەش، لە بڵاوکراوەیەکدا داوا دەکەن بەزووترین کات پێش وەرزی هاوین و جەژنی قوربان کوشتارگەی کومەڵگەی قەدش بکرێتەوە.
فەرهاد مەولود، بەڕێوەبەری ڤێرتێنەری قەزای ئامێدی بە964ـی وت، راستە نزیکەی دوو ساڵە بینای کوشتارگەکە تەواو بووە، بەڵام نەکراوەتەوە بەهۆی چەند گرفتێکی تەکنیکی و نەبوونی سەرمایە.
تائێستا هیچ کەسێک دەستنیشان نەکراوە تا سەرپەرشتی کارەکانی کوشتارگەکە بکات، هەرکەس بێت، دەبێت پابەندبێت بە رێنماییە تەندروستییەکان، ئەو بەڕێوەبەرە وتی، بۆیە لیژنەیەک لە قایمقامیەت پێکهێنراوە، هەوڵ دەدەین بەزووترین کات و پێش جەژنی قوربان کوشتارگەکە بکەینەوە.
پرۆژەی کوشتارگەی ئامێدی بە گوژمەی یەک ملیار دینار دروست کراوە، دەکەوێتە کۆمەڵگەی قەدش لە ناحیەی سەرسنگ لە سنووری قەزای ئامێدی.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا