"23 ملیار دۆلار زیانمان کردووە"

پارەی کارەبای نیشتمانی و موەلیدە- مان کردووە بە یەک لە پڕۆژەی رووناکی

964+

ئەحمەد مستەفا

لە دیداری سلێمانی، مەسرور بارزانی وتی، خەڵک لە پڕۆژەی رووناکی یەک پارە دەدەن، لەبارەی ئەو قسانەی لە بارەی نرخی کارەبای 24 کاتژمێری دەکرێ، ئەو وتی، بۆ خەڵک خۆمان نرخێکی کەم دەکەوێت، دەبێت هاوڵاتی هەردوو بڕە پارەی موەلیدە و نیشتمانی بەراورد بە کارەبا 24 کاتژمێرییەکە بکات.

مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 16.4.2025، لە پانێڵێکی دیداری سلێمانی بەشداری کرد، ئەو وەڵامی چەند پرسێکی دیکەی دایەوە و وتیشی، بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتەوە زیاتر لە 23 ملیار دۆلار زیانمان بەرکەوتووە، بەهیچ جۆرێکیش ئەم زیانە قەرەبوو نەکراوەتەوە.

لە بارەی رووداوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتی، هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا وایکردووە، ئێستا حکومەتێکی نوێ بە سیاسەتێکی جیاواز، حوکمڕانی لە ئەمریکا دەکات کە سیاسەتێکی جیاوازتریان هەیە سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو شەڕ و پێکدادان و ناخۆشییانەی لە ناوچەکەدا هەن دیسان ئەمانەش هەمووان کاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆیان لەسەر تەواوی رووداوەکانی ناوچەکە هەیە.

ئێمەش بەدەرنابین لەو گۆڕانکارییانەی هەیە، بەڵام چۆن ئێمە بتوانین خۆمان بگونجێنین؟ هەروەک پێشتریش ئێمە باسمان کردووە، سیاسەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت بە جۆرێک بێت کە ئێمە بە هیچ جۆرێک لەگەڵ تەشەنەکردن و خراپترکردنی باری ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە نەبین.

لە بارەی دۆخی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و هەڵوێستی ئەوان مەسرور بارزانی وت، دەکرێت خوشک و برایانمان لە سوریا سوود لەو تەجروبەیەی هەرێمی کوردستان وەربگرن، ئێمە خۆشی و ناخۆشیی زۆرمان بینیوە، دەکرێت سوود لە کارە باشەکانمان وەربگرن و کارە هەڵەکانیشمان دووبارە نەکەنەوە.

وتیشی، پێموایە باشترین ئامۆژگارییە بۆ خوشک و برایانمان لە سوریا ئەوەی کە گرنگە بەلای ئێمەوە، ئەوەیە کە ئەوان یەکگرتوو بن، تاوەکو کوردانی سوریا یەکگرتوو بن، ئەوان دەتوانن زیاتر داکۆکی لە مافە رەواکانی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ دەسەڵاتی دیمەشق بگەنە رێککەوتنێک کە هەموو مافەکانی کە خۆیان تەمانەی دەکەن و خۆیان مەبەستیانە، بەدەست بهێنن.

"دیداری سلێمانی كاریگەریی زۆری دەبێت و راسپاردەكان دەگەیەنێت"