ئایا جیهان بۆ پەتایەكی دیكە ئامادەیە؟

رێككەوتنێكی مێژوویی لە لایەن رێكخراوی تەندروستیی جیهانی واژۆ كرا

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

دوای زیاتر لە سێ ساڵ دانوستان، وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئەمڕۆ چوارشەممە گەیشتنە رێککەوتنێکی مێژوویی بە ئامانجی ئامادەکاری باشتر بۆ پەتاکانی داهاتوو و بەرەنگاربوونەوەی.

رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، “وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هەنگاوێکی گەورەیان ناوە لە هەوڵەکان بۆ ئەوەی جیهان لە پەتاکان سەلامەتتر بێت لە رێگەی داڕشتنی رەشنووسی رێککەوتنێک کە لە کۆبوونەوەی داهاتووی تەندروستیی جیهانی لە مانگی ئایاردا تاوتوێ دەکرێت.

بە پێی هەواڵی ئاژانسی فرانس پرێس، لە زاری ئەندامێكی شاندی دانوستانەكان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ “بە كاتی كوردستان” رێككەوتنەكە واژۆ كراوە.

تێدرۆس ئەدهانۆم بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی خێرا پێشوازی لەم دەستکەوتە “مێژووییە” کرد، وتیشی: گەلانی جیهان ئەمڕۆ لە جنێڤ مێژوویان تۆمار کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندامانی شاندەکان کە بەشدارییان لە دانوستانەکاندا کردووە، “بە گەیشتن بە کۆدەنگی لەسەر رێککەوتنی پەتاکە، نەک هەر رێککەوتنێکی بۆ چەند نەوەیەك دامەزراند بۆ ئەوەی جیهان سەلامەتتر بێت، بەڵکو نیشانیان دا فرەلایەنی زیندووە و بە باشی هەیە، هەروەها لە جیهانی دابەشکراوی ئێمەدا، گەلان هێشتا توانای ئەوەیان هەیە پێکەوە کاربکەن بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش و وەڵامێکی هاوبەش بۆ هەڕەشە هاوبەشەکان”.

وڵاتانی ئەندامی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەبێت ئەم رێککەوتنە لە میانی کۆبوونەوەی تەندروستیی جیهانی لە مانگی ئایاری داهاتوو لە جنێڤ پەسەند بکەن، بۆ ئەوەی ببێتە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی.

دانوستانەکان لەسەر چەند خاڵێک تووشی کۆسپ بوون، دیارترینیان مادەی 11ی دەقە 30 لاپەڕەیییەکە، کە گواستنەوەی تەکنەلۆجیای بەرهەمهێنانی بەرهەمە تەندروستییەکانی پەیوەست بە پەتاکان دیاریی دەکات، بە تایبەتی بۆ سوودی وڵاتانی تازەپێگەیشتوو.

ئەم بابەتە جێگەی ناڕەزایی وڵاتانی هەژاریش بوو لە سەردەمی پەتای کۆڤید-19دا، کاتێک وڵاتانی دەوڵەمەند ژەمە ڤاکسینەکان و پشکنینەکانیان قۆرخ کرد.

دوای پێنج ساڵ لە سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆڤید-19 کە ملیۆنان کەسی کوشتووە و ئابووری جیهانی وێران کردووە، بەڵام جیهان هەرچەندە ئامادەکارییەکی باشتری بۆ کراوە، بەڵام هێشتا زۆر دوورە لە ئامادەیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی پەتایەکی دیکە، ئەمەش بە گوتەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی و شارەزایان.

کتێبە تەندروستییەکان دەتوانن شوێنی پزیشک بگرنەوە؟

کتێبە تەندروستییەکان دەتوانن شوێنی پزیشک بگرنەوە؟