کەمپی مەخمور - وێنە: ئەرشیف
نیگەرانیی دەردەبڕن
کەمپی مەخمور؛ عێراق دابەشکردنی خۆراکی راگرتووە و ناسنامە دروست ناکات
964+
ئەحمەد مستەفا
عێراق ناسنامە بۆ نیشتەجێبووانی کەمپی مەخمور دروست ناکات، خۆراک دابەش ناکات و هیچ کێشەیەکی تەندرووستی و ئیداری چارەسەر ناکات، ئەم قسەی هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی کەمپی پەنابەرانی مەخمورە.
ئەو ئەنجومەنە دەڵێ، حکومەتی عێراقی تەنانەت رێگە نادات، هیچ کەلوپەلێک بچیتە ناو کەمپەکەوە.
کەمپی مەخمور کە بەکەمپی رۆستەم جودیش ناسراوە، لە ساڵی 1998 لە رۆژهەڵاتی مەخمور بۆ کوردانی کوردستانی تورکیا دروستکراوە و نزیکەی 10 هەزار کەس لەکەمپەکەدا نیشتەجێن.
ئەنجومەنەکە ئەمڕۆ سێشەممە 15.4.2025 ئەوەشی وتووە، فشارەکانی سەر کەمپەکە، لەگەڵ کۆبوونەوەی ئەم دواییەی نێوان عێراق و تورکیا زیاتر بووە، هەرچەندە کەمپەکەمان لە رووی ئیداریی و ئەمنییەوە گرێدراوی حکومەتی عێراقە، بەڵام حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک ئامادە نییە کێشە تەندووستی، پەروەرەدە، ژێرخان، ئیداری و یاساییەکان چارەسەر بکات.
– چەندین کەس، کە نەخۆشی درێژخایەنی وەک شێرپەنجەیان هەیە، ناتوانن دەرمانەکانیان وەربگرن و بە ناسنامەی ئێستاوە بڕۆنە نەخۆشخانە.
– چوار ساڵە رێگە نادرێت خوێندکارانی کەمپەکە بچنە زانکۆ بخوێنن و ئەم دەرفەتەیان لێ وەرگیراوەتەوە، سەرەڕای ئەوەش حکومەتی عێراق چەندین جار بەڵێنی داوە پرسی خوێندکاران چارەسەر بکات، بەڵام ئەمساڵیش خوێندن کۆتایی هات و دەرگای زانکۆ بەڕووی خوێندکاراندا نەکرایەوە.
– ساڵانە لەسەرانسەری عێراق هاوکاری بەسەر پەنابەراندا دابەشدەکرێت، لە زستاندا سووتەمەنی دابەشدەکرێت، سەرەڕای ئەوەش بەڵگەی پێویستیش هەیە، بەڵام چەندین ساڵە عێراق هاوکاری کەمپەکە ناکات، هەروەها دەیان پڕۆژەی ئاو و رێگەی شارەوانی کەمپەکە هەیە کە دەبێت چارەسەر بکرێن، بەڵام چەندین جار لیژنەی حکومەتی عێراق هاتن و چارەسەریان نەکردووە.
ئەنجومەنەکە جگە لە خستنەڕووی ئەو گرفتانەیان، باسی لەوەکردووە، حکومەتی عێراق نزیکەی هەفتەیەکە رێگە نادات کەل و پەلی ئاوەدان کردنەوە و بیناسازی بچێتە نێو کەمپەکەوە.