بەرگریی شارستانیی سۆران بۆ 964:

ئاگرەکەی چۆمان کۆنتڕۆڵ کرا و زیانی گیانی نەبوو

964+

ئاكام غەفوور

وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران بە 964ی  راگەیاند، ئاگرەکەی چۆمان کۆنتڕۆڵ کرا و زیانی گیانی نەبوو، خاوەنەكەشی پێی وایە ئاگرەكە پێدەچێت لە شۆرتی كارەباوە هەڵگیرسابێت.

رەوەند هاودیانی ئەوەی راگەیاند، زیانی ماددی زۆر لە ئاگرەكە كەوتەوە، بەڵام خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە.

ئەمشەو كۆگایەكی كەلوپەلی ئەلیكترۆنی و بیناسازی، كە سێ دوكانی گەورەی لەخۆدەگرت، لە بازاڕی چۆمان سووتا.

ئاگرەكە دوای نزیكەی دوو كاتژمێر كۆنتڕۆڵ كرا و خاوەنی كۆگاكە، كە ناوی مامۆستا ئامانجە، بۆ 964 وتی، “شوكرانەی خوای گەورە دەكەین، هەرچی هاتبێت قەزا و قەدەرە، ئاگرەكە لە نێوان كاتەكانی مەغریب و عیشا كەوتووەتەوە، ئەوكاتەی لە پشوودا بووین”.

وتیشی، پێدەچێت ئاگرەكە لە شۆرتی كارەباوە دروست بووبێت،  چونكە لە پشتەوەی كۆگاكە هاتووە و ئەوێش داخراوە، بەرگریی شارستانی و هاوڵاتیان هەموویان هاوكار بوون و سوپاسیان دەكەن، كە زۆر ماندووبوون و ئەوەی لەدەستیان هات درێغییان نەكرد.

بە قسەی خاوەنی كۆگاكە، كە سێ دوكان لەخۆ دەگرێت، زیانەكان بە نزیكەی 150 هەزار دۆلار (15 دەفتەر) دەخەملێندرێن.

كۆگاكە كەلوپەلی كارەبایی، كشتوكاڵی، بیناسازی و گەشتیاری تێدا دەفرۆشرا.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئاگرێكی گەورە لە چۆمان هەڵگیرساوە

ئاگرێكی گەورە لە چۆمان هەڵگیرساوە