ژمارەیەکى زۆریان بریندارن
دەنگۆ: لە خۆپیشاندانەکانى زیقار مامۆستایەک کوژرا
964+
محەمەد فاتیح
خۆپیشاندانی مامۆستایانی عێراق بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامە، بەڵام ئەمڕۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەوە و دەنگۆی كوژرانی مامۆستایەك لە زیقار بڵاوبووەتەوە و ژمارەیەك مامۆستای تریش بریندارن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8.4.2025، چەندین گرتەى ڤیدیۆیى خۆپیشاندانى مامۆستایانى زیقار سۆشیال میدیا و میدیاى عێراقى داپۆشى، بەپێى گرتەکان هێزە ئەمنییەکان بە دار و بەرد و گازى فرمێسکڕێژ رووبەڕووى مامۆستا خۆپیشاندەرەکان دەبنەوە.
وێنەو ڤیدیۆکان پیشانى دەدەن، چەندین مامۆستاى خۆپیشاندەر برینداربوون و خوێن لەسەر و دەموچاویان دێتە خوارەوە.
چالاکوانانى زیقاڕ بڵاویان کردووەتەوە، مامۆستایەک لە دەرەنجامى رووبەڕووبوونەوەى لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا، کوژراوە، بەڵام تائێستا هیچ لایەنێکى فەرمى ئەوەى پشتڕاست نەکردووەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت عەلی عەبادی بەڕێوەبەری ناوەندی عێراق بۆ مافی مرۆڤ بە 964ـى وت،”مامۆستا كوژراوەكە ناوی محەمەد سۆلاغە و خەڵكی زیقارە”.
مامۆستایانى عێراق و زیقار، ماوەى سێ رۆژە بۆ بەرزکردنەوەى موچە و دەرماڵەکانیان دەستیان بە گردبوونەوە و خۆپیشاندان کردووە.