"بە ناهەق زیندانی كراین"

سێ جوتیارە کوردەکەی ناوچەی هەفتەغار ئازادکران

+964
سیروان خورشید –  دوزخورماتوو

ئەو جوتیارە کوردانەی ناوچەی هەفتەغاری سنووری قەزای داقوق، کە ماوەی چوار مانگە بەهۆی گرژییەکی نێوانیان لەگەڵ جوتیارانی عەرەبی هاوردە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوون، ئازادکران.

خالید نەوزاد، کە پیشەی پێشمەرگەیە و یەکێک بووە لە دەستگیرکراوانی جوتیارانی هەفتەغار، ئەمڕۆ سێشەممە 8.4.2025 بە 964ـی وت، ئەوان ماوەی چوار مانگە بە ناهەق لە زیندانن و ئەوەی روویداوە پلان بۆ دارێژراو بووە بۆیان.

وتیشی، “ئێمە وەک هەر رۆژێکی ئاسایی، ئێوارانێک لەگەڵ برایەک و ئامۆزایەکی خۆی لەسەر زەویوزاری خۆیان سەرقاڵی ئاودانی کێڵگە کشتوکاڵیەکانیان بووین، لەناکاو جوتیارێکی عەرەبی هاوردە هاتە لامان بە مەبەستی پشێوینانەوە، دواتر بووە دەمەقاڵێ و شەڕمان، پاشان هێزێکی سوپای عێراق، کە لە سنوورەکە جێگیرکرابوون، گەیشتنە سەریان و دەستبەجێ ئێمەی جوتیارە کوردەکانیان دەستبەسەر کرد و ئێمەیان بردە بنکەی پۆلیسی داقوق و بە تۆمەتی رفاندنی جوتیارە عەرەبەکە دراینە دادگا”.

خالید دەڵێت، ئەمەی روویدا پلان بۆ دارێژراوی ئەو هێزە و جوتیارانی هاوردە بووە، بەو پێیەی هەڕەشەی ئەوەیان لێ کردین کە نابێت هیچ بەرگرییەک لە خۆمان بکەین و بە پێچەوانەوە دۆسیەکەمان بە مادەی چواری تیرۆر هەژمار دەکەن، دواتر دادگای داقوق، بە شایەتی ئەو هێزە، سزای دوو ساڵ زیندانی بەسەرماندا سەپاند و دواتر بە بڕە پارەیەکی زۆر و بەهەوڵی نوێنەرانی جوتیاران، دوو ساڵەکەیان بۆ چوار مانگ کەمکردەوە و دوێنیش کۆتا رۆژی سزاکەمان بوو، ئازادکراین و گەڕاینەوە ناو خێزانەکانمان.

بە قسەی ئەو جوتیارە كوردە، ئەوان ماوەی چوار مانگە لە بەندیخانەی تەسفیراتی کەرکوک زیندانیکراون و دوای ئازاد کردنیشیان، چووە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەی وەربگرێتەوە، بەڵام هەرچی لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا بووە، هەمووی دزراوە بە بڕە پارەیەکیشەوە.

سزای سێ جوتیارەکەی داقوق بۆ چوار مانگ کەمکرایەوە

سزای سێ جوتیارەکەی داقوق بۆ چوار مانگ کەمکرایەوە