هەر کیلۆیەک 500 دینار هەرزان بوو
تەماتەى هاوردە گەیشتەوە بازاڕەکانى هەرێم
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
دواى هەڵگرتنى قەدەغە لەسەر هاوردەى تەماتە، ئەمڕۆ تەماتەى هاوردەی ئێرانى گەیشتەوە بازاڕەکانى هەرێم، بەمەش نرخى یەک کیلۆى 500 دینار هەرزان بوو.
کاروان ئەبوبەکر، خاوەن نووسینگە لە عەلوەى کەلار بە 964ـى وت، “ئەمڕۆ دواى زیاتر لە دوو مانگ قەدەغەى هاوردە، تەماتەى ئێرانى گەیشتەوە بازاڕەکان و هەر کیلۆیەک تەماتە 500 دینار هەرزان بوو”.
ئەو کاسبکارە پێى وایە، لە ئێوارە و سبەینێوە زیاتر هەرزان دەبێت.
وەک ئەوەى بۆ 964 روونیکردەوە، ئەو تەماتەیەى دوێنێ کیلیۆیەکى بە 1250 دینار بوو، ئەمڕۆ بە 750 دینار بۆ 800 دینارە.
رۆژى 26.1.2025، وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم بڕیاری دا بە قەدەغەکردنى هاوردەى تەماتە، ئەوەش دواى پێگەیشتنى بەرهەمى تەماتەى جوتیارانى خواروو و ناوەڕاستى عێراق.
هاوردەی تەماتە بۆ هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت
رۆژی 1.4.2025 وەزارەتی کشتوکاڵى هەرێم بڕیاریداوە بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە لە دەرەوەی وڵات، بڕیارەکەش لە دوێنێوە خرایە بوارى جێبەجێکردنەوە و هەر دوێنێش ئەنجومەنى ئابورى عێراق، قەدەغەى هاوردەى لەسەر حەوت جۆرى سەوزە هەڵگرت لە ناویاندا تەماتە.
وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریدا قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە هەڵبگیرێت
پێداچوونەوە: وریا فەتاح