لەسەر رێگای کەرکوک – سلێمانی
بارهەڵگرێک خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشا؛ شۆفێرێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسیش بریندارن
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لەسەر رێگای کەرکوک – سلێمانی بارهەڵگرێک خۆی بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشا، شۆفێرێک گیانی لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش برینداربوون.
کەریم عەلی شایەتحاڵ لە شوێنی رووداوەکە بە 964ـی وت، “کەمێک لەمەوبەر لەسەر رێگای کەرکوک – سلێمانی و لە نزیک گوندی چیمەن، بارهەڵگرێک خۆی کێشاوە بە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە جۆری مارسیدس و بەهۆیەوە شۆفێری مارسیدسەکە گیانی لەدەستداوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
هاوکات سەرچاوەیەکی تایبەت لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک بە 964ـی وت، “تەرمی ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە و هەر سێ بریندارەکە گەینراونەتە نەخۆشخانەکە کە سەرجەمیان تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 22 ساڵن.
هەر ئەمشەو لە سنووری قەزای بێجی لە پارێزگای سەڵاحەدین رووداوێکی هاتوچۆ لەنێوان سێ ئۆتۆمبێل روویدا و بەهۆیەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و پێنجی دیکەش برینداربوون.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری