خاوەن نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕكردنی دراو لە خانەقین کار بە دۆلار ناکەن

964+

راژان مەجید – خانەقین

خاوەن نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕکردنی دراو لە خەنەقین بە هەڵواسینی دروشمی “کار بە دۆلار ناکەین، بۆ پاڵپشتیکردن لەدیناری عێراقی” دەستیان بە کارکردن کرد.

ئەردەلان ئاریان، خاوەنی یەكێك لە نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕكردنی دراوە بە تۆڕی964ی وت، ئەو یەكەمین کەسە لە خانەقین بەم كارە هەستاوە و پاشان ئەوانی تریش دەستیانپێکردووە، بە وتەی خۆی “لە كاتی وەستاندنی كاركردن بە دۆلار داواكردن لەسەری كەم دەبێت لەبازاڕەكان و بەمەش نرخی هاڕە دەكات”.

وتیشی “وەک هەڵوێستێک ئەو کارە دەکەین و لەبەر هاوڵاتییان چونکە تا بەهای دینار دابەزێت نرخی شتومەک بەرزتر دەبێتەوە لەبازاڕدا”.

عومەر زەهاوی، خاوەنی نوسینگەی دراو بە تۆڕی964ـی وت “ئەو دۆلارانەی بانکی ناوەندی دەیخاتە بازاڕەوە هیچی لەلایەن بازرگانەکانەوە ناگاتە لای ئێمە، یەک دۆلار بە 1500 دیناریش دەست ناکەوێت”.

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بانکی ناوەندی عێراق بڕیاریدا 100 دۆلار بەرامبەر بە 131 هەزار دینارە، بەهای دۆلار بەرامبەر دینار دابەزینی بەخۆیەوە بینی و ئەمڕۆ 11.2.2023 بەهای  100 دۆلار بەرامبەر بوو بە 153 هەزار دینار.

پێداچوونەوە: توانا نەقی