ئایا میدیای تورکیا باسی یارمەتیەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە؟

+964

فەهمی نەبی

دوای بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی رۆژی 6ی شوبات، هەرێمی کوردستان هەنگاوەکانی بەدەنگەوەچوونی بەرکەوتوانی بومەلەرزەکەی تورکیای راگەیاند، تا ئێستا لە هەندێ پەیج وا بڵاوبۆتەوە کە راگەیاندنی تورکیا باسی ئەو یارمەتیەی هەرێمی کوردستانی نەکردوە،

تۆڕی 964 بەدواداچونی بۆ ئەم بابەتە کرد، دەرکەوت لە چەندین راگەیاندن و ماڵپەڕی فەرمی تورکیا، ناوی هەرێمی کوردستان هاتووە، لە کاتێکدا پێشوتر لەسەر ئاستی حکومەت و میدیای تورکیا خۆیان دەبوێری لە ناوهێنانی هەرێمی کوردستان.

تۆڕی964، سۆراغی دروستی ئەو بابەتەى کرد، گرنگترین ئەو دەزگا میدیایانەی دەوڵەتی تورکیاى هەڵبژارد، کە زمانحاڵی دەوڵەتن.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی رۆژی 9ی شوبات، لە راپۆرتێکیدا باسی یارمەتیەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە راپۆرتەکە هاتووە “کاروانی هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە 6ی شوباتەوە لە پارێزگای دهۆکەوە بەرەو تورکیا بەڕێکەوت”.

لەراپۆرتێکیدا کەناڵی TRTی هەواڵی، کە زمانحاڵی دەوڵەتی تورکیایە، ئاماژەی بەناوی هەموو ئەو وڵاتانە کردوە کە یارمەتیان بۆ تورکیا ناردوە، لەنێو راپۆرتەکە، بە 85 وشە باسی هەرێمی کوردستانی کردووە، ئەو بەشەی راپۆرتەکە بەوە دەستپێدەکات ” مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند، تیمێکی فریاگوزاری بۆ ئەو کەسانە ئامادەکراوە کە بەهۆی بوومەلەرزە زەمینلەرزە ناوەندییەکانی کەهرامان مەڕەشەوە زیانیان بەرکەوتووە”.

ئاژانسی هەواڵی IHA لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بە یارمەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لە راپۆرتەکە هاتووە ” لە راگەیەندراوێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تیمی پزیشکی و 25 ئەمبولانس بە هاوکاری وەزارەتی تەندروستی و مانگی سوور و دەزگای فریاگوزاری بارزانی ڕەوانەی تورکیا کراون بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی خەڵک لە بوومەلەرزەکەدا کە لە تورکیا روویدا”.

چەندین ماڵپەڕ و دەزگای راگەیاندنی تر باسی یارمەتیەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لەوانە:

ماڵپەڕی INDEPENDET TURKCE

کەناڵی ODATV

ماڵپەڕی KUZEY24

ماڵپەڕی UNEYDOGU GUNCEL

ماڵپەڕی SonDakika

چەندین ماڵپەڕ و کەناڵی تر، هەواڵی هاوکاریەکانی هەرێمی کوردستانیان بڵاوکردوەتەوە، بەڵام ئەوەی تێبینی کراوە، بەشی زۆری ئەو دەزگایانە وێنەی تیمەکەی هەرێمی کوردستانیان بڵاونەکردوەتەوە.