بەهۆی لادانی زمانی کوردی لەسەر تابلۆیەک
“کورد هەڕەشەی بایکۆتی کۆبوونەوە و دانیشتنەکانی ئەنجومەنی سەڵادەکات”
+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
دوای تەواوکردنی جووت پردەکەی نێوان کەرکوک بەغدا لەناو سەنتەری قەزای خورماتوو، کە ماوی زیاتر لە ساڵێکە کاری تێدادەکرێت، پردەکە ناوی شەھیدانی لێنرا و بەھەر چوار زمانی؛ کوردی، عەرەبی، تورکمانی و ئینگلیزی نووسرا “پردی شەھیدان”، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 6.4.2025 لەلایەن ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین، کە لە نەتەوەی تورکمانە تابلۆکە لابرا و تابلۆیەکی دیکە لە شوێنەکەی دانرا کە تەنیا بە زمانی تورکمانی ناوی پردەکە نووسراوە، ئەمەش ئەندامانی کوردی قەزاکەی تووڕە کرد و بڕیاریان دا هەڵوێستی توند بگرنەبەر.
یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە 964ـی وت، ئێمە پەیوەندیمان بە پارێزگای سەڵاحەدین کردووە، کە بەهەر شێوازێک بێت دەبێت ئەو تابلۆیە لە جێگاکەی بهێندرێتە خوارەوە و تابلۆکەی پێشوو دابندرێتەوە، بە پێچەوانەوە کاردانەوەی توندمان دەبێت، لە بەیانیشەوە سەرجەم پەیوەندیەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی نەتەوەی تورکماندا دەپچڕێنین تا چارەسەری کێشەکە دەکەن.
ئاماژەی بەوەش کرد، بەو پێیەی قەزاکە سێ نەتەوەی تێدایە و هەمووان وەک یەک قوربانیان داوە، ئەو پردەش دەکەوێتە سەر رێگایەکی سەرەکی و شارەکانی هەرێم و عێراق بەیەک دەبەستێتەوە، بەپێی دەستووری عێراقیش هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی سەرەکیترین زمانن و ئەوەی ئەم ئەندامەی ئەنجومەن کردوویەتی، ئامانج لێی دروستكردنی پشێوییە لە نێوان نەتەوەکانی قەزاکەدا”.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر