لە بەردەرکى سەرا بینراوە و فڕەیەکى پارکى ئازادیشى لێداوە
مانگاکەى سلێمانى دەستبەسەر کرا
964+
دیلان محەمەد جەزا- سلێمانى
ئەو مانگایەى دوێنێ لەناوجەرگەى بازاڕى سلێمانى و لەبەردەرکى سەرا بینرا و دواتر چووەتە ناو پارکى ئازادى، پیاسەى ئێوارانى شارى پێوە نەهات و لەلایەن شارەوانییەوە دەستى بەسەرداگیرا و خاوەنەکەشى 500 هەزار پێبژاردنى بەسەردا سەپێندرا.
سۆران عەبدوڵا لێپرسراوی خزمەتگوزاری شارەوانی سلێمانی بە 964ـى وت،” دوێنێ شەممە، مانگایەک لە کانی سپیکەوە بەرەڵا بوە و هاتوەتە ناو شاری سلێمانیەوە و لە شەقامی پارکی ئازادی و بەر دەرکی سەرا بینراوە”.
باسی لەوەکرد، توانراوە لە شەقامی پیرەمێرد دەستی بەسەردا بگیرێت و پاشان رادەستی خاوەنەکەی بکرێتەوە.
ئەوەشی خستەڕو، خاوەنی ئەو مانگایە بە بڕی 500 هەزار دینار سزا دەدرێت و بە دووبارە کردنەوەی دەست بەسەر ئاژەڵەکەیدا دەگیرێت.
بەپێى گرتە ڤیدیۆییەکان، مانگاکە بە ئارامى لە بەردەرکى سەرا و پارکى ئازادى هاتوچۆ دەکات، ئەو دیمەنەش بووە جێ سەرنجى هاوڵاتیان، چونکە حاڵەتى بینینى مانگا لەو شوێنانە دەگمەنە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح