لە سنووری سیدەکان
مین بە دوو برادا تەقیەوە و یەکێکیان گیانی لەدەست دا
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە چیای قەلەڕەشی سنووری سیدەکان، مین بە دوو برادا تەقیەوە، بەهۆیەوە یەکێکیان گیانی لە دەستداوە و یەکێکی تریش بە سەختی بریندارە.
ئەو دوو برایە بەمەبەستی هێنانی گژوگیای بەهارە لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێیان روویان لە شاخەکە کردووە، لەوێ بەر مین کەوتوون.
رەوەند هاودیانی وتەبێژی بەرگری شارستانی سۆران، بە964ـی وت، لە چیای قەلەڕەش دوو برا بەرمین کەوتوون تیمەکانی ئێمە ئاگادار نەکراونەتەوە بۆ بەهانەوە چوونیان، ئێستا دووبراکە هەردوکیان ئەوەی بریندارە و ئەوەشی گیانی لەدەستداوە لە نەخۆشخانەی سیدەکانن.
وتیشی، ئەو دوو برایە خەڵکی گوندی بێخمەن لە سنووری قەزای خەلیفان، ئەوەی گیانی لەدەستداوە گەنجە بەڵام بە دیاری کراوی نازانین تەمەنی چەندە.
لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ ئەمە چوارەم حاڵەتی بەرمین کەوتنە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، کە بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە.
پێدچوونەوە: توانا نەقی