لە توێژینەوەیەکدا

زانایان چوار خۆراک دیاری دەکەن کە لەوانەیە بتگەیەننە تەمەنی 100 ساڵی

+964

جێگر مەحمود

توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە کە پابەندبوون بە سیستمێکی خۆراکی دەوڵەمەند بە میوە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، چەرەسات و زەیتە ناتێرەکان لەوانەیە چانسی ژیان تا تەمەنی 100 ساڵی زیاد بکات.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە هەندێک خۆراک لەوانەیە بەشداربن لە درێژکردنەوەی تەمەن، لە کاتێکدا هەندێک خووی خۆراکی دیاریکراو لەوانەیە ببێتە هۆی مردنی پێشوەختە.

زانایان لە ئیسپانیاوە بۆیان دەرکەوتووە کە پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی کە گۆشتی کەم چەوری و پەلەوەر، دانەوێڵە و میوە و سەوزەی هەمەجۆر لەخۆبگرێت، دەتوانێت مەترسی مردنی پێشوەختە بە رێژەی زیاتر لە 20% کەم بکاتەوە.

توێژینەوەکە، لەلایەن توێژەرانەوە لە مەدرید ئەنجامدراوە، روونیکردەوە کە چوار خۆراک هەن بناغەی سەرەکین بۆ کەمکردنەوەی مەترسی مردن، ئەوانیش بریتین لە: میوە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان، چەرەسات و زەیتە ناتێرەکان وەک زەیتی زەیتوون و زەیتی گوڵەبەڕۆژە.

لەلایەکی ترەوە، خواردنەوەی خواردنەوە گازییەکان و شیرینیەکان (هەویرکارییەکان) لەوانەیە ئەگەری مردنی پێشوەختە زیاد بکات.

توێژەران، کە ئەم ئەنجامانەیان بە گرنگ وەسفکرد، هانی خەڵکیان دا بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی خۆراکی دەریای ناوەڕاست و ئاماژەیان کرد بە “سوودە تەندروستییە گەورەکانی و کاریگەرییە ئەرێنییەکەی لەسەر هەسارەی زەوی.

هەروەها روونیانکردەوە، کە ئەم سیستمە یارمەتیدەرە لە کەمکردنەوەی چانسی تووشبوون بە نەخۆشییە درێژخایەنەکان و مردنی پێشوەختە.

لەو توێژینەوەیەدا، توێژەران چاودێری بەکارهێنانی خۆراکی زیاتر لە 11 هەزار کەسیان کردووە کە تێکڕای تەمەنیان 48 ساڵ بووە و پابەندبوونیان بە دوو سیستمی خۆراکی هەڵسەنگێندراوە: “سیستمی خۆراکی تەندروستی هەسارە” (PHD) و سیستمی دەریای ناوەڕاست، لەگەڵ هەڵسەنگاندنی بەکارهێنانی 15 گروپی خۆراکی لە هەردوو سیستمەکەدا.

“سیستمی خۆراکی تەندروستی هەسارە” سیستمێکی خۆراکی ڕووەکییە کە جەخت لەسەر کەمکردنەوەی بەکارهێنانی گۆشت دەکاتەوە و ئامانجی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشی و باشترکردنی کاریگەری کشتوکاڵە لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا، لە کاتێکدا سیستمی دەریای ناوەڕاست گۆشتی سوور بە بڕی مامناوەند، پەلەوەر، ماسی چەور، میوە، سەوزە، دانەوێڵەی تەواو و زەیتی زەیتوون لەخۆدەگرێت.

کاریگەری ژینگەیی هەریەک لە سیستمە خۆراکییەکان بە بەکارهێنانی بنکەیەکی داتا هەڵسەنگێندرا کە چاودێری دەرچوونی گازە گەرمخانەییەکان (گازەکانی قەتیسبوونی گەرما) و بەکارهێنانی زەوی دەکات. لە ماوەی ١٤ ساڵی بەدواداچووندا، 1157 حاڵەتی مردن لەنێو بەشداربوواندا تۆمارکرا.

ئەنجامەکان، کە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی ئەوروپی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە میلانۆ پێشکەشکران، دەریانخست کە پابەندبوون بە سیستمی “خۆراکی تەندروستی هەسارە” و سیستمی دەریای ناوەڕاست پەیوەست بوو بە کەمکردنەوەی مەترسی مردن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

قەڵەوەکان تا 2035 رێژەی 51%ـی دانیشتووانی دونیا تیدەپەڕێن...

قەڵەوەکان تا 2035 رێژەی 51%ـی دانیشتووانی دونیا تیدەپەڕێنن