پۆستەری پێشانگەی فرانس پرێس لە هەولێر
10 رۆژ بەردەوام دەبێت
ئاژانسی فرانس پرێس بۆ یەكەمجار پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی لە هەولێر دەكاتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا، ناسراو بە فرانس پرێس، ئەمڕۆ شەممە 5.4.2025 بە هاوبەشی لەگەڵ فێرگەی فرێمینگ بۆ وێنەی رۆژنامەوانی یەكەم پێشانگەی فۆتۆگرافی لە هەولێر دەكاتەوە، دوای هەولێریش پێشانگەكە دەبرێتە بەغدا.
سەفین حەمید بەڕێوەبەری فێرگەی فرێمینگ بە تۆڕی 964ی راگەیاند، پێشانگەكە ئەمڕۆ شەممە كاتژمێر 6ی ئێوارە لە فێرگەی فرێمینگ لە هەولێر دەكرێتەوە و 10 رۆژ بەردەوام دەبێت، تێیدا 37 وێنەی رۆژنامەوانیی تایبەت بە رووداوەكانی كوردستان و عێراق و جیهان نمایش دەكرێن.
وتیشی، ئەمە یەكەم پێشانگەی فۆتۆگرافی فرانس پرێسە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق ئەنجامی بدات.
“دوای هەولێر، بڕیارە لە سەرەتای مانگی داهاتوو پێشانگەكە لە شاری بەغداش بكرێتەوە و وێنەكان لەوێش نمایش بكرێن”، بەڕێوەبەری فێرگەی فرێمینگ وای وت.
سەفین حەمید كە خۆیشی ساڵانێكە فۆتۆگرافەری ئاژانسی فرانس پرێسە لە كوردستان، ئاماژەی بەوەدا، پێنج وێنەی رۆژنامەوانیی خۆی لە پێشانگەكە نمایش دەكرێت لەگەڵ فۆتۆی چەند هاوكارێكی لە ئاژانسەكە.
ئاژانسی هەواڵی فەرەنسا یەكێكە لە دێرینترین ئاژانسەكانی هەواڵ لە دنیا و لە ساڵی 1835 دامەزراوە و سەرەتا لە ژێر ناوی هاڤاس بووە، بارەگای سەرەكی لە پاریس، وێنەگر و پەیامنێری لە هەموو دنیا هەیە، بە زمانەكانی فەرەنسی، ئینگلیزی، عەرەبی، پۆرتوگالی و ئیسپانی و ئەڵمانی هەواڵ بڵاودەكاتەوە.