فیدراسیۆنى نێودەوڵەتیى زمانى کوردى:
ئامادەین کتێبى خوێندن بۆ سەرجەم قوتابخانە کوردییەکانى ئەوروپا دابین بکەین
964+
وریا فەتاح
فیدراسیۆنى نێودەوڵەتیى زمانى کوردى، ئامادەیى خۆى پیشانداوە بە هەردوو شێوەزاری سۆرانى و کرمانجى، کتێبى خوێندن بۆ سەرجەم قوتابخانە کوردییەکانى ئەوروپا دابین بکەن.
فیدراسیۆنەکە لە ئاگادارییەکدا بڵاوى کردووەتەوە، بە هاوکاری لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کتێبی خوێندن بۆ سەرجەم قوتابخانەکانی ئەوروپا، بە هەردوو شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی، بە هەردوو پیتی ئارامی و لاتینی، دابین دەکات.
زمانی کوردی ناسنامەی ئێستا و داهاتوومانە
“لە پێناو هاوکاری و پاڵپشتی بۆ مامۆستایان و قوتابخانە کوردییەکان، لە خەمخۆریمان بۆ منداڵانی کورد و داهاتووی خوێندنی زمانی کوردی لە تەواوی ئەوروپا، ئێمە ئەرک و خەرجی چاپ کردنی کتێب و گواستنەوەی کتێبەکان لەو وڵاتەی لێی چاپدەکەین تا ناو قوتابخانەکانتان لە ئەستۆ دەگرین و خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین لە یارمەتیدانتان لەم ئەرکە پیرۆز و نیشتمانییەدا”، فیدراسیۆنى نێودەوڵەتى زمانى کوردى وا دەڵێت.
داواش لە سەرجەم مامۆستایان و کۆمەڵە و دامودەزگاکانی خوێندن و قوتابخانەکانی خوێندنی زمانی کوردی دەکەن لە هەموو ئەوروپا و ئەمریکا و کەنەدا، بە زووترین کات پەیوەندییان پێوە بکەن بۆ تۆمارکردنی ناوی قوتابخانەکان تا لە وەرزی هاویندا کتێبەکان بگاتە دەستیان.
جەختی کراوەتەوە کە پاراستن و پێشخستنی خوێندنی زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری (سۆرانی و کرمانجی)، بە هەردوو پیتی (ئارامی و لاتینی) بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن.
بۆ پەیوەندی بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی زمانی کوردی لە رێگەی ئەم ژمارە تەلەفۆنانەوەیە:
+9647504646090
+0046723262404