كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن:

“بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا پابەندین”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق پابەندبوونی دەستوری و یاسایی خۆی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لە وادەی دیاریکراودا پشتڕاستکردەوە، هاوکات ئاماژەی بەوەدا ژمارەی دەنگدەرانی نوێ لە لەدایکبووانی ساڵی 2007 یەک ملیۆن دەنگدەری تێپەڕاندووە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن جومانە غەلای، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاندووە: “کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان لەڕووی دەستوری و یاساییەوە پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراودا”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، “ژمارەی دەنگدەرانی نوێ لە لەدایکبووانی ساڵی 2007 یەک ملیۆن دەنگدەری تێپەڕاندووە، هەروەها تۆمارکردنی دەنگدەری نوێ، راستکردنەوەی داتا، سڕینەوەی ناوی مردووەکان، جگە لە تۆمارکردنی هێزە چەکدارەکان و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان و ئاوارەکان دەستیپێكردووە”.

“کۆمسیۆن لە رێگەی 1079 ناوەندی تۆمارکردنەوە لە سەرتاسەری عێراق پێشوازی لە دەنگدەران دەکات، ئەمە جگە لەوەی تیمی گەڕۆک دەنێرن بۆ دامەزراوەکان و وەزارەتەکانی دەوڵەت بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی خەڵک و پەروەردەکردن لەسەر گرنگی نوێکردنەوەی تۆماری هەڵبژاردنەکان”، جومانە غەلای وای وت.

هەروەها ئەوەشی باس كردووە، ئێستا کۆمسیۆن کار لەسەر نۆژەنکردنەوە و ئامادەکردن و پاراستنی ئامێرەکانی هەڵبژاردن دەکات بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی کارامەی پرۆسەی هەڵبژاردن.

غەلای هەروەها وتی، مافی ئەو دەنگدەرانە دەستەبەر دەكەن، کە پەنجەمۆری بایۆمەترییان دەرنەکەوتووە، ئەویش لە رێگەی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئاراستەی دەموچاوەوە.

سبەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەكات

سبەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەكات

وتەبێژەكەی كۆمیسۆن ئەوەی روونكردەوە، پێویست ناکات هەموو دەنگدەران سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن بکەن، بەو پێیەی هەرکەسێک کارتی دەنگدەرێکی هەبێت کە وێنەی کەسی تێدابێت و داتاکانی نەگۆڕابێت، دەتوانێت راستەوخۆ بەکاری بهێنێت.

لە کۆتایی قسەکانیشیدا جەختی لەوە کردەوە کە، “کۆمسیۆن بەردەوامە لە کارەکانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەو رێكەوتەی ئەنجومەنی وەزیران دیاریی کردووە.

بڕیار وایە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە مانگی 10ی ئەمساڵ بكرێت.