هۆکاری چییە؟
300 بزن لە گوندێکی ئاکرێ مردار بوونەوە
964+
هیڤی دێوالی-دهۆک
لە گوندی خەردس 300 بزن بەهۆی نەخۆشییەک مردار بوونەتەوە، شوانەکیش دەڵێت، ساڵانێکی زۆرە ئاژەڵ بەخێو دەکەم و ئەمە یەکەمجارە جۆرە نەخۆشییەک لەناو بزنەکانمدا بڵاوبێتەوە.
15رۆژە بزنەکانی گوندی خەردس سەر بە قەزای ئاکرێ بۆ ماوەی چەند رۆژێک نەخۆش دەکەون و دواتر گیانیان لەدەستدەدەن. تا ئێستاش هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشییەکە نەزانراوە و چاوەرێی ئەنجامی پشکنینن لە ڤێتەرنەریی پارێزگای دهۆک.
ئیدریس زێباری، خاوەنی پرۆژەیەکی ئاژەڵدارییە لە گوندەکە و بە 964ـی وت، “یەکەمجارە بەو شێوە جۆرە نەخۆشییەکی دەگمەن لە ناو بزنەکانم بڵاوبووتەوە، تا ئێستا 300 بزن مرداربوونەتەوە و ژمارەیەکی زۆریش نەخۆشن.
وتیشی، “ئەمڕۆش ژمارەیەکی زۆر لە بزنەكانی من و ئامۆزایەکیشم مرداربوونەتەوە، هۆکاری نەخۆشییەکە تا ئێستا نەزانراوە، بەڵام دوێنێ چەند پزیشکێکی ڤێتەرنەری هاتوونە لێرە و پشکنینیان كردووە، چەند رۆژێکی دیکە پشکنینەکان دەردەکەون و دیار دەبێت هۆکارەکە چییە”..
بە وتەی خاوەنی پرۆژەکە، تەنیا لە ماوەی دوو هەفتەدا نزیکەی چل هەزار دۆلاری زیانی ماددی لە مرداربوونەوەی بزنەكانی پێگەیشتووە .
گوندی خەردەس دەکەوێتە قەزای ئاکرێ لە سنووری پارێزگای دهۆک.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا