پارێزگای هەولێر ئامارەکانی بڵاوکردەوە
زیاتر لە 76 هەزار گەشتیار لە رۆژانی جەژن سەردانی هەولێریان كردووە
+964
محەمەد فاتیح
پارێزگای هەولێر ئاماری گشتی ژمارەى هاتنى گەشتیاران و ووداوەکانی رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵى، لە سنووری پارێزگاکە بڵاوكردەوە.
لە ئامارەکەدا هاتووە ژمارەی ئەو گەشیارانەی تەنها لە رۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێری پایتەختیان کردووە بریتی بووە لە 76 هەزار و 654 گەشتیار.
دەشڵێت، بەپێی ئامارەكان لە رۆژانی جەژن، 28 تاوان تۆمارکراوە، هەروەها چوار رووداوی هاتوچۆ روویانداوە و لە ئەنجامیاندا 12 کەس برینداربوون و نۆ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەش هەبووە.
لە سێ رۆژی جەژن پێنج هەزار و 874 هاوڵاتی سەردانى نەخۆشخانەکانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە، 119 منداڵ لە دایک بووە 71 کوڕ و 48 کچ، 669 نەشتەرگەرى جۆراو جۆر ئەنجامدراوە لەگەڵ 620 حاڵەتى شوشتنی گورچیلە، 159 نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی چارەسەریان وەرگرتووە و 520 نەخۆشیش لە سەنتەری ئاوات چارەسەری تیشکیان وەرگرتووە، شەش هەزار و 956 تۆن زبڵ و پاشماوە لە سنووری سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر کۆکراوەتەوە و لە زبڵخانەی کانی قڕژاڵە چارەسەریان بۆ کراوە، وەك لە راگەیەندراوەكەی نووسینگەی پارێزگای هەولێردا هاتووە.
دووپاتیكردەوە، پلانەكانیان بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز لە سنووری پارێزگای هەولێر بە سەركەوتووی جێبەجێكردووە.