بەرگری لەش بەهێز بکەن

پسپۆڕێک: ئەو پەتا وەرزییەی هەیە ئەنفلۆنزا یان کۆرۆنایە

964+
ئەحمەد مستەفا

گۆڕینی کەشە ساردەکە بۆ گەرما و ناجێگیری ئاوهەوا بە بەردەوامی لە هەرێمی کوردستان، وایکردووە رێژەی پەیای وەرزی زیاتر هەستی پێ بکرێ، ماوەی چەند هەفتەیەکە بە رێژەیەک توشبوون بە پەتا وەرزییەکان باسوخواسی ناو خەڵکە.

پسپۆڕێکی پەتازانی بۆ 964 دەڵێ، سەرچاوەکان ئاماژە بەوەدەکەن ئەنفلۆنزای باڵندە یاخود شێوازی گۆڕاوی کۆرۆنا بێت، بەڵام دەبێت لە تاقیگە سەلماندنی بۆ بکرێ.

دڵسۆز محەمەد، هاوڵاتییەکی شاری سلێمانیە، سێ هەفتەیە پەتای وەرزی گرتووە ئەو بە 964ی وت، زیاتر لە 10 دەرزی ئیلتهابات و چەندین شروب و گولاجم بەکارهێناوە، بەڵام بەردەوام کۆکەیەکی زۆر و هەناسەتوندیم هەیە، ئەوەش وایکردووە زۆر هەست بە بێتاقەتی بکەم.

ئەو هاوڵاتییە، وەک خۆی باسی کرد، بەرگری لەشی لاوازە و بەردەوام دەرمان و پڕۆتینی بەرگری بەکاردەهێنێ، رەنگە ئەو بە تەنیا نەبێ، دەیان هاوڵاتی دیکە لەم وەرزەدا هەمان نەخۆشی و نیشانەیان هەبێ، لەسەر ئەو کەیسانە دکتۆر سەرخێڵ ئاراز، پسپۆڕی پەتازانی دەڵێ، دەکرێ سیستەمی بەرگری لەش لاواز بێت، کە ئەوەش دەرفەتە بۆ بڵاوبوونەوەی زکام.

پەتای وەرزی زۆرجار لە رێگەی ڤایرۆسەوە دەگوازرێتەوە، کە دەتوانێت بە تەماسی راستەوخۆ “وەک دەستدان” یان بە هەناسەدان لە رێگەی پیسی هەوا “droplets” بڵاوببێتەوە لە بەھاردا، کە خەڵک زیاتر لە دەرەوە کۆدەبنەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتی زیاد دەکات، ئەگەری تووشبوونیش بەرزتر دەبێت.

نیشانەکانی پەتای وەرزی:
– تایەکی زۆر (بە گشتی زیاتر لە زکامی سادە)
– کۆکە و کەرگە
– سەرئێشە
– ئێشەی ماسوولکەکان و جومگەکان
– وەرگەگرتنی گەروو
– هیلاک و ماندووێتی

چارەسەر و پاراستن:
1. پشوودان: لەشی پێویستی بە پشوودانی تەواوە بۆ چاکبوونەوە.
2. خواردنەوەی شلە: ئاو و شلەمەنیەکان یارمەتیدەرن بۆ نەهێشتنی وشکبوونەوەی لەش.
3.دەرمان: دەرمانی تای و ئێشەکەمکەرەوە (وەک پاراسیتامۆل) دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بەپێی پێویست. بۆ دۆخی قورس، پزیشک دەرمانی ئەنتی-ڤایرۆسی تایبەت پێشنیار دەکات.
4. پاراستن: شوشتنی دەست بەردەوام، دوورکەوتنەوە لە کەسانی نەخۆش، و وەرگرتنی ڤاکسینی ئەنفلۆنزا (ئەگەر بەردەست بێت) یارمەتیدەرن.
5. خۆراکی بەهێزکەر: خواردنی خۆراکی دەوڵەمەند بە ڤیتامین C (وەک پرتەقاڵ و لیمۆ) دەتوانێت بەرگری لەش بەهێز بکات.