واست
كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی سودانی تووشی رووداو بووە و كارمەندێك گیانی لەدەست دا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ڤیدیۆیەك بڵاوبووەتەوە و باس لەوە دەكرێت، ئەمڕۆ دووشەممە 31.3،2025 یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانی كاروانی سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، لە ناحیەی شێخ سەعد لە پارێزگای واست تووشی رووداوێكی سەختی هاتوچۆ بووە، لە ئەنجامیشدا یەكێك لە ئەندامانی تیمەكەی گیانی لەدەست داوە، هەروەها دوو ئەندامی دیكەی تیمەكە بریندار بوون، كە بارودۆخی یەكێكیان سەختە.
سەرۆك وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، ئەمڕۆ لە شاری میسان، كە ماڵی خۆی لەوێیە، جەژنی كرد و لەگەڵ هاوڵاتیانی ئەوێ بوو، دیار نییە لەو كاروانەی تووشی رووداوەكە بووە، سودانیان لەگەڵ بووە یان نا، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەداوە، كە هەر ئەمڕۆ گەڕاوەتەوە بەغدا.
هاوكات هیچ سەرچاوەیەكی فەرمی لە نووسینگەی خۆی یان ئەنجومەنی وەزیران و ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراق باسی ئەو رووداوەیان نەكردووە، تەنیا لە سۆشیال میدیا باس كراوە.