له وتاری جه‌ژندا قسه‌ی خۆى كرد
سه‌رۆكی تاڵیبان دیموكراسیه‌تى له ئه‌فغانستان كۆتایی پێهێنا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هه‌یبه‌توڵا ئاخوندزاده سه‌رۆكی تاڵیبان به فه‌رمى كۆتاییهاتنى دیموكراسیى له وڵاته‌كه‌یدا رایگه‌یاند و به پێویستیشی نازانێت یاسای رۆژئاوایی له وڵاته‌كه‌ى به‌ركاربێت.
ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشیدت پرێس بڵاویکردەوە، هه‌یبه‌توڵا ئاخوندزاده، سه‌رۆكى تاڵیبان له میانه‌ی وتاری جه‌ژنی ره‌مه‌زان له مزگه‌وتی جه‌ژن له شاری قه‌نده‌هار له باشووری ئه‌فغانستان رایگه‌یاند، پێویستیان به یاساى رۆژئاواییه‌كان نییه و ده‌شڵێت، “ئێمه یاسای خۆمان داده‌نێین، جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی یاسا ئیسلامییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه”.
وتیشی “دیموكراسی له ئه‌فغانستان كۆتایی هاتووه، هه‌روه‌ها یاسای ئیسلامی له كاردایه، لایه‌نگرانی دیموكراسیش هه‌وڵده‌ده‌ن خه‌ڵك له حكومه‌تی تاڵیبان جیابكه‌نه‌وه”.
ئاخوندزاده، ره‌خنه‌ی له رۆژئاوا گرت و به ئاماژه‌دان به شه‌ڕی ئیسرائیل و حه‌ماس له غه‌ززه، رایگه‌یاند، “كافره‌كان له دژی موسڵمانان یه‌كگرتوو بوون، ئه‌مریكا و ئه‌وانی دیكه‌ش هه‌ر یه‌كگرتوو بوون له دوژمنایهتیكردنیان له‌گه‌ڵ ئیسلام”.
هه‌رچه‌نده تا ئێستا له هیچ شوێنێك ڤیدیۆى وتاره‌كه‌ى ئاخوندزاده له مزگه‌وته‌كه‌ى قه‌نده‌هار بڵاونه‌بووه‌ته‌وه، به‌ڵام به قسه‌ى ئاژانسهكە، له‌وه‌ته‌ى ساڵى 2016 ئاخوندزاده بووه‌ته سه‌رۆكى تاڵیبان یه‌كه‌م جاره به‌و شێوه ئاشكرایه بچێته ناو خه‌ڵك.