پۆلیسی دهۆك: جارێ هیچ روونكردنەوەمان نییە
سیپان سەدیق یاریزانی زاخۆ: پۆلیسی دهۆک بە دار هێرشیان كردە سەرمان و لێیانداین
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
یاریزانێكی یانەی زاخۆ دەڵێت، دوای یارییەکەی شەوی رابردووی نێوان دهۆک و زاخۆ، پۆلیسی دهۆك لەناو یاریگە هێرشیان كردە سەرمان و بە دار لێیانداین
شەوی رابردوو 30.3.2025 یانەی دهۆک لەناو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی زاخۆ كرد لە یاریی لووتكەی گەڕی 25ـی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە تۆپی پێ، كە ئەنجامەكەشی بە 1-0 گۆڵ لە سوودی یانەی دهۆك بوو.
سیپان سدیق یاریزانی زاخۆ لە لایڤێكی تیكتۆدا دەڵێ، دوای یارییەکە لەلایەن هاندەران دهۆک هێرش کراوەتەسەر یاریزانەکانی زاخۆ، دوای دەرچوونیشیان لە یاریگە تەنانەت پۆلیسی دهۆكیش لێیانداون و هێرشیان کردووەتە سەریان.
سیپان سەدیق بەشداری لایڤێكی تیکتۆکی کردووە و دەڵێت، “لە دونیادا نەبووە پۆلیس لە یاریزان بدات، تەنانەت بە دار و بە نزیکەی 15 پۆلیس هێرشیان کردە سەر من و چەند یاریزانێکی تر، سووكایەتیی زۆریان بەرامبەرمان کرد و لە کامێرای چاودێریشەوە دیارە”.
عەلی حاجی، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی زاخۆ بە 964 وت، “راستە پۆلیسی دهۆک لە یاریزانەکانی ئێمەیان دا و زۆر ئەزیەتیاندان تا لە یاریگەی دهۆک دەرچوون”.
سەبارەت بە رووداوەكە، سەرچاوەیەکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک، کە تۆماری دەنگی لای 964ـە، دەڵێت، “هیچ روونکردنەوەمان لەسەر ئەو بابەتەمان نەداوە و هەرکات روونکردنەوەمان دا، هەموو لایەک ئاگادار دەكەینەوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە یاریەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەرانی یانەی زاخۆ لە ناو یاریگە دهۆکدا بەڕێوەچوو بۆ ئەوەی هیچ کێشەیەک دروست نەبێت و پێشتر بۆ ئەمەش رێككەوتن كراوە.
یارییەکە شەوی رابردوو كرا و لە بەرژەوەندیی یانەی دهۆک بە گوڵێکی بێبەرامبەر كۆتایی هات، كە لە خولەکی 93 لەلایەن یاریزان کەریم دەروێشەوە تۆمارکرا.
هەر سەبارەت بەم رووداوە، یانەی زاخۆ لە پەیجی فەرمیی خۆیان روونكردنەوەیان داوە و گلەییان لە یانەی دهۆك هەیە، كە سەرەڕای كۆبوونەوەی سەرۆكی هەردوو یانە بە ئامادەبوونی سەرۆكی نوێنەرایەتیی لیژنەی ئۆڵمپی لە دهۆك، كە یانەی دهۆك بەڵێنیدابوو ئەمنیەتی شاندی یانەی زاخۆ لە ئەستۆ بگرن و بیانپارێزن، بەڵام لە یارییەكەی شەوی رابردوو هێرشكراوتەسەر یاریزانانی یانەی زاخۆ و سوكایەتی بە ناو و خەڵكی زاخۆ كراوە لە لایەن بەشێك لە هاندەرانی یانەی دهۆكەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا