ئەمڕۆ لە كەركوک و ناوچەكانی دیكەی عێراق جەژنە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ دووشەممە 31.3.2025 هاوڵاتیانی شاری كەركوک و ناوچەكانی دیكەی عێراق كردیان بە جەژنی رەمەزانی پیرۆز و یەكەم رۆژی جەژنەكەیان بەسەر دەبەن.

موسڵمانانی كەركوک و عێراق ئەمڕۆ بەیانی لە مزگەوتەكان رێوڕەسمی یەكەم رۆژی جەژنیان ئەنجام دا و جەژنە پیرۆزەیان لە یەكتر كرد، ئەمەش دوای ئەوەی دوێنی لە هەرێمی كوردستان یەكەم رۆژی جەژنی رەمەزان بەڕێوەچوو، هەرچەندە لە چەند گەڕەکێکی کەرکوک دوێنێ لەگەڵ کوردستان کردیانە جەژن.

دیاریكردنی جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ، لە عێراق كێشە و گرفتی بۆ تێكەوت و لە هەرێمی كوردستان یەكشەممە كرایە جەژن، بەڵام لە عێراق حكومەت ئەمڕۆی كردووە بە یەكەم رۆژی جەژن، لەگەڵیدا دیوانی وەقفی سوننی بە هەمان شێوە ئەمڕۆی كردووە بە یەكەم رۆژی جەژن، بەڵام دەستەی زانایانی موسڵمان “سوننە” دوێنێ كردیان بە جەژن، هەروەها هەر دوێنێ لە چەند گەڕەكێكی سوننەنشینی بەغدا كرایە جەژن و رێوڕەسمەكە بەڕێوەچوو.

مانگی رەمەزانی ئەمساڵ 29 رۆژ بوو، رۆژی یەكشەممە هەرێمی كوردستان لە تەك وڵاتانی سعودیە، قەتەڕ، ئیمارات و توركیا و چەند وڵاتێكی دیكە كردی بە جەژن.

"مادام هەرێم کردوویەتى بە جەژن ئێمەش کردمان"