لە سلێمانی
“ئەو چێشتخانانەی لە رەمەزاندا کراوە بوون دەبێت لە جەژنیشدا بیکەنەوە”
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
لە سلێمانی ئەو دوکان و چێشتخانانەی لە رۆژانی رەمەزاندا کراوە بوون، ئەگەر لە رۆژانی جەژنیشدا کراوە نەبن، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و سزا دەدرێن.
مەحمود تۆفیق سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی سلێمانی بە 964ـی وت، “پێشتر رێنماییمان داوە بەو خاوەن چێشتخانە و میوانخانانەی کە لە راستە شەقامەکانن و گەشتیار پێیاندا تێپەڕدەبێت، پێیان وتراوە ئەوەی کە لە رۆژانی رەمەزاندا شوێنەکانیان دەکەنەوە دەبێت لە رۆژانی جەژنیشدا بیکەنەوە”.
باسی لەوەشکرد، 124 شوێنیان ئامادە کردووە لە چەند شوێنێکی وەک سەرچنار و شەقامەکانی ساڵم و بەردەرکی سەرا و مەلیک مەحمود و ئەمڕۆش تا ئێستا، هەمووی کردوویانەتەوە و تا ئێستا هیچ کێشەیەکیان نەبووە.
مەحمود تۆفیق وتیشی، ئەگەر یەکێک لەو شوێنانە بۆ رۆژانی جەژن نەکرێتەوە، حکومەت لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکات، بەڵام چونکە پێشتر رێنماییان پێدراوە، لەو بڕوایەدا نییە، شوێنەکانیان نەکەنەوە و تووشی کێشە نابن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری