دەستکرا بە دروستکردنی گەورەترین یەکتربڕی سلێمانی - وێنە: شارەوانی سلێمانی
تەنیا کۆنکرێتی یەک پردی 12 کاتژمێر دەخایەنێت
دەستکرا بە دروستکردنی گەورەترین یەکتربڕی سلێمانی
964+
شۆڕش قادری
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دەستکرا بە دروستکردنی گەورەترین یەکتربڕی سلێمانی لە ئۆتۆبانی بابان و تەنیا تێکردنی کۆنکرێتی یەک پردی، 12 کاتژمێر دەخایەنێت.
کارکردن لە شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی بەردەوامە و بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی، کاتژمێر 3ـی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 29.3.2025 دەستکراوە بە دروستکردنی یەکتربڕی ژمارە 11 لەسەر شەقامەکە کە دەکەوێتە تاسڵوجە و دەبێتە گەورەترین یەکتربڕ لە شاری سلێمانی”.
یەکتربڕەکە بەشێوەی دایڕێکشناڵ دیزاین کراوە بە سێ ئاستی بەرزی لە چوار پرد پێکهاتووە A,B,C,D، پردی ژمارە D کە لە ئاڕاستەی سلێمانی بۆ کەرکوک گەڕانەوەیە بۆ ئاڕاستەی سلێمانی، بەدرێژایی 105 مەتر و پانی 14 مەتر دوای چێککردنەوەی هەموو لایەنە تەکنیکی و ئەندازیارییەکانی دەستکراوە بە تێکردنی کۆنکرێت، کە سەروو هەزار مەتر سێجا دەبێت و نزیکەی 12 کاتژمێر دەخایەنێت.
شەقامی 100 مەتری سلێمانی کە بە ئۆتۆبانی بابان ناسراوە، درێژییەكەی 34 كیلۆمەترە، حەوت یەكتربڕ و پێنج ئەندەرپاس و یەك ئۆڤەرپاسی تێدایە، شەقامەكە لە تاسڵوجەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە ناوچەی دەمركانی سەر رێگای عەربەت، پێكهاتووە لەچوار سایدی دووانی هاتن و دووانی رۆیشتن بەپانی 100 مەتر و بڕیارە تا کۆتایی ئەمساڵ بەشی یەکەمی پڕۆژەکە تەواو بکرێت کە لە پردی تاسڵوجە تا یەکتربڕی شەقامی قەرەداغ درێژ دەبێتەوە.