500 منداڵ وەرى گرت

لە خانەقین منداڵانی بێباوک و کەمدەرامەت جلی جەژنیان وەرگرت

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

جەژنانەی منداڵە کەمدەرامەت و بێباوکەکانی خانەقین بۆ جەژنى رەمەزان، قات و جلوبەرگ بوو کە لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکى خێرخوازەوە دابینکرابوون.

عەلی تاڵب، سەرپەرشتیاری گروپێکی خێرخوازییە لە خانەقین بە 964ـى وت، لە هەڵمەتێکی فراواندا ئەمڕۆ زیاد لە 500 منداڵی بێباوک و کەم دەرامەت جل و بەرگی تەواویان بەسەر دابەشکرا کە تەواوی جل و بەرگەکان نوێ بوون و بەشێکی بە پارەی خێرخوازان و بەشێکی تری دیاری دوکاندارەکان بوو بۆ کەمدەرامەتەکانى شارەکەیان”.

حوسێن موستەفا هاوڵاتییەکی خانەقینییە و دانیشتوی شاری بەغدادە بۆ پەیامنێری 964ـى وت،”ئەوەى لە خانەقین دەیبینم لە بەغدا نەمبینیوە، لەپاڵ یەکترى وەستاون و هاوکارى یەکترى دەکەن”.

ساڵانە ئەم هەڵمەتانە لە کۆتا رۆژەکانی رەمەزان دەکرێت و ئەمڕۆ بەتەنیا زیاد لە 500 منداڵ دڵخۆشکران و جەژنەکەیان بۆ بوو بە دوو جەژن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح