دوایین دیزاینی رێگەی گەشەپێدان کە وەزارەتی گواستنەوە ئاڕاستەی پەرلەمانتارەکەی کردووە _ گرافیک: 964
عێراق پاشگەزبووەتەوە
گواستنەوەی هەرێم: بۆ رێگەی گەشەپێدان نەگەیشتووین بەڕێكەوتن لەگەڵ حكومەتی عێراق
964+
محەمەد فاتیح
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێ، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق نەگەیشتوون بەهیچ رێكەوتنێك لەسەر پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان.
وەزارەتی گواستنەوە شەوی 27.3.2025 بڵاویكردەوە، لە رۆژانی رابردوو چەند بەرپرسێك لە حكومەتی فیدڕاڵی عێراق رایانگەیاند، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق گەیشتوون بەڕێكەوتن سەبارەت بە پلانی كۆتایی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان ( هێڵی ئاسنین – ڕێگای نێودەوڵەتی) كە بەنێو خاكەكانی كوردستان و جوگرافیای كوردستان تێپەڕ دەبێت.
ئەو وەزارەتە دەڵێ، بۆ رای گشتی كوردستان و عێراقی ئاشكرای دەكەین كە ئەم لێدوانانە زۆر دوورن لەڕاستیەوە و پێچەوانەی راستییەكانە.
رونیشیكردەوە، دوا پەیوەندی رەسمی نێوان وەزارەتەكەمان و وەزارەتی گواستنەوەی فیدڕاڵی كۆبونەوەی نێوانان هەردوو لابو لە هەولێری پایتەخت لە 23.5.2024، پاشان گەیشتین بە رێكەوتن و كۆنوسی تایبەت پەسەند كرا و لەلایەن هەردوو تیمی كۆبونەوەكە و بەكۆی دەنگ ئیمزای لەسەر كرا.
وتيشى، بەڕەسمی كۆنوسەكە پەسەند كرا وەك نەخشەی كاری هاوبەش بۆ گەیشتن بە بڕیارێكی كۆتایی لەسەر رێڕەوی پڕۆژەی رێگای گەشەپێدان لە هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچانەی لە هەرێمەوە نزیكن، بڕیاربو وەك هەردوولا رێكەوتین كۆنوسەكە بخرێتە بەردەم سەرۆك وەیرانی حكومەتی فیدڕاڵی و سەرۆك وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پەسەند كردنی، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانی ئێمە بو وەزارەتی گواستنەوەی عێراق پابەند نەبو بە رێكەوتنەكەی نێوانمان، بەڵكو كۆنوسەكە لەلایەن وەزارەتی گواستنەوەی عێراقەوە هەڵوەشێنرایەوە و لێی پاشگەزبۆیەوە و لە 26.5.2024 نوسراوێكی دەركرد و تیایدا ئەو رێكەوتنەی رەتكردەوە كە لە 23.5.2024 لە هەولێر لەنێوانمان ئیمزا كرابوو.
رێگای گەشەپێدان چییە؟
رێگای گەشەپێدان یان کەناڵی وشک پڕۆژەیەکی عێراقییە بۆ بەستنەوەی شەمەندەفەر و وشکانی نێوان تورکیا و ئەوروپا لە باکوور و کەنداوی عەرەبی لە باشوور، بۆ گواستنەوەی کاڵا لە نێوان کەنداو و ئەوروپا.
وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە 27.5.2023 رایگەیاند، کە پڕۆژەکە لە رووی ئابوورییەوە خزمەت بە ناوچەکە دەکات و کاڵاکان لە ئەوروپاوە بۆ کەنداو و بە پێچەوانەوە لە رێگەی عێراقەوە دەگوازرێتەوە لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەواو بکرێت، بڕیارە پڕۆژەكە لە 2028 بە ئەنجام بگات.